رووداو دیجیتاڵ
رۆژی هەینی نرخی زێڕ بەرزبووەوە بۆ نزیکەی 4077 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک؛ ئەوەش دوای بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی هەڵاوسان لە ئەمریکا.
هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ دابەزینی بەهای دۆلار و کەمبوونەوەی ئەگەرەکانی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە دەگەڕێتەوە.
رۆژی هەینی، لە کاتی داخستنی بازاڕەکاندا، نرخی زێڕ بەڕێژەی 1.3٪ بەرزبووەوە و گەیشتە 4077 دۆلار. هەروەها نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ رادەستکردنی لە مانگی ئاب، بەڕێژەی 1.2٪ بەرزبووەوە و بە 4096 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
ئامارەکانی هەڵاوسان لە ئەمریکا کە رۆژی پێنجشەممە بڵاوکرانەوە، تاوەکو ڕادەیەک گوشاری سەر بەهای دۆلاریان کەمکردەوە. بەپێی ئامارەکان، نرخەکانی بەکاربەر لە ئەمریکا لە مانگی ئایاردا لەسەر ئاستی ساڵانە بەڕێژەی 4.1٪ بەرزبوونەتەوە، ئەوەش هاوتای چاوەڕوانییەکان بوو.
بەپێی رووپێوە ئابوورییەکان، ئێستا ئەگەری بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا بۆ 59٪ دابەزیوە، لەکاتێکدا پێش بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی هەڵاوسان ئەو ئەگەرە 64٪ بوو.
جیم وایکۆڤ، شرۆڤەکاری باڵا لە کۆمپانیای (ئەمەریکەن گۆڵد ئیکسچەینج) بۆ بازرگانیی کانزاکان، رایگەیاند: "نرخی زێڕ خۆڕاستکردنەوەیەکی کەمی پێوە دیارە، ئەوەش دوای ئەو شەپۆلە بەهێزەی فرۆشتن دێت کە لە کۆتاییەکانی هەفتەی رابردوودا بەخۆیەوە بینی."
سەرەڕای بەرزبوونەوەکەی رۆژی هەینی، بەڵام لەسەر ئاستی هەفتانە، زێڕ 2.1٪ـی بەهای خۆی لەدەستداوە و دابەزیوە بۆ نزمترین ئاستی حەوت مانگی رابردووی خۆی.
کۆمپانیای راوێژکاریی (تی دی سیکیۆریتیز) لەو بارەیەوە دەڵێت: "نرخی زێڕ پەیوەندییەکی پێچەوانەی لەگەڵ بەهای دۆلار و نرخی نەوت هەیە؛ ئەگەر نرخی نەوت لەبەر هەر هۆکارێک بەرزبێتەوە، لە چەند مانگی داهاتوودا دەبێتە هۆکار بۆ دابەزینی زیاتری نرخی زێڕ."



