رووداو دیجیتاڵ
رۆژی هەینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەڕێژەی 3٪ دابەزی؛ ئەوەش دوای ئەوەی دەرکەوت هەناردەکردنی نەوت لە گەرووی هورمز بەردەوامە.
دابەزینی نرخی نەوت لەکاتێکدایە، سەرەڕای هێرشێکی ئێران بۆ سەر کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە نزیک عومان، بەڵام جووڵەی کەشتییە نەوتییەکان لە گەرووی هورمز بە ئاسایی بەردەوامە و پەکینەکەوتووە.
لە کاتی داخستنی بازاڕەکاندا، نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 3.27 دۆلار دابەزی و هەر بەرمیلێکی بە 71.99 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. هاوکات نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 2.69 دۆلار دابەزی و گەیشتە 69 دۆلار و 23 سەنت.
لەسەر ئاستی هەفتانەدا، هەردوو جۆرەکەی نەوت (برێنت و تەکساس) زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە و بەڕێژەی نزیکەی 10٪ بەهاکەیان لەدەستداوە.
فیل فلین، شرۆڤەکاری باڵا لە کۆمپانیای (پرایس فیوچەرز گرووپ) بۆ راوێژکاری، لەو بارەیەوە رایگەیاند: "لە لایەن بازرگانانەوە جۆرە دڵنیاییەک هەیە کە هەناردەکردنی نەوت لەڕێگەی گەرووی هورمزەوە بەردەوام دەبێت و ئاستەنگی بۆ دروست نابێت."
پێش ئەوەی باس لە لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێران بکرێت بۆ راگرتنی جەنگ بۆ ماوەی 60 رۆژ، بازرگانانی نەوت پێیانوابوو قەبارەی خستنەڕووی نەوت بەراورد بەو خواستەی هەیە، بۆ چەندین مانگ رووبەڕووی کورتهێنان دەبێتەوە، بەڵام ئێستا بارودۆخەکە گۆڕاوە.
تاماس ڤارگا، شرۆڤەکاری کۆمپانیای (پی ڤی ئێم) دەڵێت: "نیگەرانیی بازرگانان لەبارەی کەمبوونەوەی خستنەڕوو لە جێی خۆی نەبوو، ئێستا بازاڕەکان پڕن لە نەوت."
داتاکانی بۆرسەی لەندەن ئاماژە بەوە دەکەن، سعودیە دوای چوار مانگ لە وەستاندنی هەناردەکردنی نەوت لەڕێگەی کەنداوەوە، جارێکی دیکە لە وێستگەی (رەئس تەنوورە) دەستی بە هەناردەکردن کردووەتەوە.



