رووداو دیجیتاڵ
لە کۆی زیاتر لە چوار تریلیۆن دیناری قەرز و پێشینەی جیاواز کە لە حەوت ساڵدا لە هەرێمی کوردستان دراوەتە هاونیشتمانییان، بڕی 1.9 تریلیۆن دیناری نەگەڕێندراوەتەوە. 80%ـی قەرزەکە لەو ماوەیەدا پێشینەی خانووبەرە بووە.
ئەم ئامارانە بەشێکن لە راپۆرتی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لەبارەی دۆخی دارایی حەوت ساڵی رابردوو.
بەشێک لەو راپۆرتە وردەکاریی ئامارەکانی قەرز و پێشینەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی خستووەتەڕوو لە ساڵی 2019 بۆ 2025.
جۆری قەرز و پێشینەکان و سوودمەندان، بڕی قەرزەکان و گەڕاندنەوەیان لەو راپۆرتەدا باس کراوە.
لەو حەوت ساڵەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان چوار تریلیۆن و 77 ملیار و 235 ملیۆن و 502 هەزار و 650 دیناری وەک قەرز و پێشینەی جیاواز داوەتە هاونیشتمانییان.
بەشێک لە قەرزەکە بەر درێژکردنەوە و لێخۆشبوون بە رێژەی 15% کەوتووە، ئەوەش بەگوێرەی بڕیاری ژمارە 1629ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2020 و دوو رێنمایی وەزارەتی دارایی و ئابووری کە لە هەمان ساڵدا دەرچوون.
قەرزە گەڕاوەکە دواى لێخۆشبوونى 15%، دوو تریلیۆن و 104 ملیار و 834 ملیۆن و 279 هەزار و 812 دینار بووە.
لەو حەوت ساڵەدا تێکڕای ئەو قەرزەی لای هاونیشتمانییان ماوە و نەدراوەتەوە، یەک تریلیۆن و 918 ملیار و 88 ملیۆن و 743 هەزار و 822 دینار بووە، بەو پێیە 47.5%ـی قەرزەکە وەرنەگیراوەتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، لەو حەوت ساڵەدا 227 هەزار و 401 هاونیشتمانیی خەڵکی هەرێمی کوردستان لەو قەرزانە سوودمەند بوون و 166 هەزار و 500ـیان قەرزەکەیان گەڕاندووەتەوە.
ئەو قەرز و پێشینانە پێنج جۆرن: پێشینەی خانووبەرە، نیشتەجێکردن، کشتوکاڵ، پیشەسازی وگەشتوگوزار.
زۆرترین قەرزی حکومەت کە دراوەتە هاونیشتمانییان، پێشینەی خانووبەرە بووە کە 196 هەزار و 481 قەرز بووە و بڕەکەی سێ تریلیۆن و 243 ملیار و 382 ملیۆن و 805 هەزار و 300 دینار بووە، زۆرترین بڕی قەرزیش کە گەڕێندرابێتەوە لە هەمان پێشینەی خانووبەرە بووە کە یەک تریلیۆن و 623 ملیار و 241 ملیۆن و 686 هەزار و 603 دینار بووە.
کەمترین ژمارەی قەرز کە دراوە، گەشتوگوزاری بووە کە 21 قەرز بووە و تێکڕای بڕەکەی دوو ملیار و 230 ملیۆن دینار بووە.
زۆرترین قەرزکار کە قەرزی گەڕاندبێتەوە، لە پێشینەی خانووبەرە بووە کە 53 هەزار و 208 کەس بوون؛ کەمترینیشی قەرزی گەشتوگوزار بووە کە تەنیا یەک کەس بووە.
80%ـی ئەو قەرز و پێشینانەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو حەوت ساڵەدا داویەتییە هاونیشتمانییان هاوڵاتیان بۆ خانووبەرە بووە و 14.4%ـی قەرزەکانیش بۆ نیشتەجێکردن بوون.
وردەکاریی قەرزەکان لە 2019 بۆ 2025
خانووبەرە: 3.2 تریلیۆن دینار
نیشتەجێکردن: 578.1 ملیار دینار
کشتوکاڵ: 209.8 ملیار دینار
پیشەسازی: 43.6 ملیار دینار
گەشتوگوزار: 2.2 ملیار دینار
بڕی ئەو قەرزەی گەڕێنراوەتەوە:
خانووبەرە: 1.5 تریلیۆن دینار
نیشتەجێکردن: 277.7 ملیار دینار
کشتوکاڵ: 45 ملیار دینار
پیشەسازی: 14.9 ملیار دینار
گەشتوگوزار: 1.7 ملیار دینار
.webp&w=3840&q=75)



