رووداو دیجیتاڵ
لە ماوەی 7 ساڵدا داهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 51 تریلیۆن دینار بووە (بێ ئەو پارەیەی بەغدا ناردوویەتی)، بەڵام خەرجییەکانی زۆر لە داهاتەکەی زیاتر بووە و لەو حەوت ساڵەدا زیاتر لە 87 تریلیۆن دینار خەرجی هەبووە.
بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، کۆی داهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم کابینەیەدا (2019 تاوەکو 2025)، 51 تریلیۆن و 376 ملیار و 30 ملیۆن و 456 هەزار و 874 دینار بووە. واتە ساڵانە زیاتر لە 7.339 تریلیۆن داهاتی هەبووە.
نەوت سەرچاوەی 44%ی داهاتە
داهاتی نەوتی بە پلەی یەکەم دێت و 43.95%ی کۆی داهاتەکان پێکدەهێنێت، داهاتەکەش 22 تریلیۆن و 577 ملیار و 946 ملیۆن دینار بووە. ئەو داهاتەی نەوت لە پێنج ساڵدا بووە، چونکە لە ساڵی 2024 و 2025دا بەهۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانی پاریس نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە نەکراوە.
لووتکەی داهاتی نەوت لە ساڵی 2022 بووە، کە گەیشتووەتە 7.777 تریلیۆن دینار، بەڵام لە 2024 و 2025دا سفر بووە، هەرچەندە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە 27ی ئەیلوولی 2025 دەستیپێکردەوە، بەڵام داهاتەکەی دەچێتە گەنجینەی عێراقەوە.
داهاتی ناوخۆ و گومرگ کەمی کردووە و باج زیادی کردووە
لە پلەی دووەم داهاتەکانی ناوخۆ (بێجگە لە داهاتی گومرگ و باج) دێت، کە وەزارەتی دارایی لە راپۆرتەکەی خۆیدا بە (داهاتەکانی دیکە) ناوی هێناوە و 13 تریلیۆن و 835 ملیار و 730 ملیۆن و 417 هەزار دینار بووە و 26.93٪ی کۆی داهاتەکانیان پێکهێناوە.
داهاتەکانی دیکە لە 2019دا بەراورد بە 2025 نزیکەی 575 ملیار دینار کەمی کردووە، واتە بە رێژەی 30% کەمی کردووە.
داهاتی گومرگ پلەی سێیەمی داهاتەکانی حکومەتی گرتووە، کە لە ماوەی ئەو حەوت ساڵەدا 9 تریلیۆن و 547 ملیار و 323 ملیۆن و 96 هەزار دینار بووە و 18.58%ی کۆی داهاتەکان بووە.
داهاتی گومرگیش هاوشێوەی داهاتەکانی دیکە کەمی کردووە، لە ساڵی 2019دا داهاتی گومرگ 1.380 تریلیۆن دینار بووە، بەڵام لە ساڵی 2025دا کەمی کردووە بۆ 1.090 تریلیۆن دینار، واتە بەراورد بە دوو ساڵەکە 290 ملیار دینار کەمی کردووە.
هەرچی داهاتی باجە لەو ماوەیەدا 5 تریلیۆن و 415 ملیار و 30 ملیۆن و 943 هەزار و 874 دینار بووە، کە 10.54%ی کۆی داهاتەکانی پێکهێناوە.
بەپێچەوانەی داهاتەکانی دیکە و گومرگ، داهاتی باج زیادی کردووە. لە ساڵی 2019دا داهاتی باج زیاتر لە 627 ملیار دینار بووە، بەڵام لە ساڵی 2025دا گەیشتووەتە 711 ملیار دینار، واتە 84 ملیار دینار زیادی کردووە.
کۆی داهاتی نانەوتی لە ماوەی ئەو حەوت ساڵەدا 28 تریلیۆن و 798 ملیار و 84 ملیۆن و 456 هەزار و 993 دینار بووە، کە دەکاتە 56%ی داهات، هەرچی داهاتی نەوتییە 44%ی داهاتی پێکهێناوە.
داهاتەکانی حکومەت بەپێی ساڵەکان
زۆرترین داهاتی حکومەت لە ساڵی 2022 بووە، کە زیاتر لە 12.5 تریلیۆن دینار بووە، کەمترینیشی لە 2025 بووە، کە تەنیا 3.1 تریلیۆن دینار بووە.
ساڵی 2019:
داهاتی نەوتی: 4,340,355,000,000 دینار
داهاتی گومرگ: 1,380,053,789,000 دینار
داهاتی باج: 627,424,094,008 دینار
داهاتەکانی دیکە: 1,898,206,000,000 دینار
کۆی گشتی: 8,246,038,883,008 دینار
ساڵی 2020:
داهاتی نەوتی: 3,007,957,000,000 دینار
داهاتی گومرگ: 1,187,934,084,000 دینار
داهاتی باج: 578,087,038,165 دینار
داهاتەکانی دیکە: 1,475,584,000,000 دینار
کۆی گشتی: 6,249,562,122,165 دینار
ساڵی 2021:
داهاتی نەوتی: 5,557,000,000,000 دینار
داهاتی گومرگ: 1,418,474,364,000 دینار
داهاتی باج: 796,287,671,746 دینار
داهاتەکانی دیکە: 2,097,223,000,000 دینار
کۆی گشتی: 9,868,985,035,746 دینار
ساڵی 2022:
داهاتی نەوتی: 7,777,096,000,000 دینار
داهاتی گومرگ: 1,408,922,192,000 دینار
داهاتی باج: 912,588,802,373 دینار
داهاتەکانی دیکە: 2,480,693,000,000 دینار
کۆی گشتی: 12,579,299,994,373 دینار
ساڵی 2023:
داهاتی نەوتی: 1,895,538,000,000 دینار
داهاتی گومرگ: 1,421,240,686,000 دینار
داهاتی باج: 839,943,873,059 دینار
داهاتەکانی دیکە: 2,450,094,000,000 دینار
کۆی گشتی: 6,606,816,559,059 دینار
ساڵی 2024:
داهاتی نەوتی: 0 دینار
داهاتی گومرگ: 1,640,568,048,000 دینار
داهاتی باج: 949,138,680,204 دینار
داهاتەکانی دیکە: 2,110,304,000,000 دینار
کۆی گشتی: 4,700,010,728,204 دینار
ساڵی 2025:
داهاتی نەوتی: 0 دینار
داهاتی گومرگ: 1,090,129,933,000 دینار
داهاتی باج: 711,560,784,319 دینار
داهاتەکانی دیکە: 1,323,626,417,000 دینار
کۆی گشتی: 3,125,317,134,319 دینار

بەگوێرەی روونکردنەوەی وەزارەتی دارایی (داهاتی نەوتی) پێکدێت لە بڕی پارەی تەمویلکراو لەلایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری تاوەکو مانگی ئاداری 2023.
هەروەها (داهاتی نانەوتی) پێکدێت لە داهاتی گومرگ و باج و داهاتەکانی جۆراوجۆرەکانی دیکە کە لە وەزارەت و دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆ دەکرێتەوە و دەخرێتە سەر ئەژمێری وەزارەتی دارایی و ئابووری، بە رێژەی (15% - 20%) بە (المقاصة) دەکرێت واتا دوایین نەختینە نییە.
مووچە 74%ی خەرجییەکانی حکومەتی بردووە
بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆی خەرجییەکانی حکومەت لە حەوت ساڵی رابردوودا زیاتر لە 87.5 ترلیۆن دینار بووە، کە 74.62%ی بۆ مووچە بووە.
خەرجی مووچە لەو رێژەیە زیاتر دەبوو، ئەگەر حکومەت سەرجەم مووچەکانی دابەش کردبایە. لە ماوەی ئەو حەوت ساڵەدا حکومەت 10 مووچەی نەداوە و 12 مووچەشی بە لێبڕینی 21% دابەش کردووە.
ئەو پارەیەی لەو 7 ساڵەدا بۆ مووچە چووە 65 تریلیۆن و 333 ملیار و 633 ملیۆن و 360 هەزار دینار بووە.
لە ماوەی ئەو حەوت ساڵەدا تەنیا دوو ساڵ (2019 و 2022) مووچەی سەرجەم مانگەکان دراوە، لە 2019دا خەرجی مووچە زیاتر لە 10 ترلیۆن و 650 ملیار دینار و لە ساڵی 2022دا زیاتر لە 9 تریلیۆن و 895 ملیار دینار بووە. واتە خەرجی مووچە بە بەراورد لە نێوان هەردوو ساڵەکەدا لە بری زیادکردن، زیاتر لە 775 ملیار دینار کەمی کردووە.
خەرجی بەکارخستن 47% زیادی کردووە
لە دوای مووچە، زۆرترین خەرجی بۆ خەرجی بەکارخستن بووە، کە 14 تریلیۆن و 272 ملیار و 437 ملیۆن و 875 هەزار دینار بووە و دەکاتە 16.30%ی کۆی خەرجییەکان.
خەرجی بەکارخستن لە ساڵی 2019دا 1.888 ملیار دینار بووە، بەڵام پار گەیشتووەتە 2.777 تریلیۆن دینار، واتە خەرجی بەکارخستن بە رێژەی زیاتر لە 47% زیادی کردووە.
خەرجیی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ماوەی ئەو حەوت ساڵەدا 4 تریلیۆن و 72 ملیار و 585 ملیۆن و 29 هەزار بووە، کە دەکاتە 4.65%ی کۆی خەرجییەکان.
هەرچی خەرجیی وەبەرهێنانە، 4.42%ی کۆی خەرجییەکان بووە و گەیشتووەتە 3 تریلیۆن و 874 ملیار و 195 ملیۆن و 362 هەزار دینار بووە.
خەرجییە کردارییەکانی حکومەت بەپێی ساڵەکان:
زۆرترین خەرجیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی ئەو حەوت ساڵەدا لە ساڵی 2025 بووە کە گەیشتووەتە زیاتر لە 14.3 تریلیۆن دینار، کەمترینیشی لە ساڵی 2020 بووە کە زیاتر لە 8.6 تریلیۆن دینار بووە.
ساڵی 2019:
مووچە: 10,650,887,000,000 دینار
بەکارخستن: 1,885,627,000,000 دینار
کارەبا: 425,810,000,000 دینار
وەبەرهێنان: 770,512,000,000 دینار
کۆی گشتی: 13,732,836,000,000 دینار
ساڵی 2020:
مووچە: 6,275,050,000,000 دینار
بەکارخستن: 1,824,554,000,000 دینار
کارەبا: 501,372,000,000 دینار
وەبەرهێنان: 93,181,000,000 دینار
کۆی گشتی: 8,694,157,000,000 دینار
ساڵی 2021:
مووچە: 9,497,658,000,000 دینار
بەکارخستن: 1,807,863,000,000 دینار
کارەبا: 637,513,000,000 دینار
وەبەرهێنان: 443,511,000,000 دینار
کۆی گشتی: 12,386,545,000,000 دینار
ساڵی 2022:
مووچە: 9,895,456,000,000 دینار
بەکارخستن: 1,888,822,000,000 دینار
کارەبا: 661,033,000,000 دینار
وەبەرهێنان: 344,395,000,000 دینار
کۆی گشتی: 12,789,706,000,000 دینار
ساڵی 2023:
مووچە: 8,283,815,000,000 دینار
بەکارخستن: 1,869,344,000,000 دینار
کارەبا: 717,707,000,000 دینار
وەبەرهێنان: 486,499,000,000 دینار
کۆی گشتی: 11,357,365,000,000
ساڵی 2024:
مووچە: 10,709,736,000,000 دینار
بەکارخستن: 2,222,864,000,000 دینار
کارەبا: 646,566,000,000 دینار
وەبەرهێنان: 686,175,000,000 دینار
کۆی گشتی: 14,265,341,000,000 دینار
ساڵی 2025:
مووچە: 10,021,031,360,000 دینار
بەکارخستن: 2,773,363,875,000 دینار
کارەبا: 482,584,029,000 دینار
وەبەرهێنان: 1,049,922,362,000 دینار
کۆی گشتی: 14,326,901,626,000 دینار

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "خەرجییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2019 تاوەکو 2025 پێکدێت لە خەرجییە کردارییەکان بەبێ خەرجی مووچەکانی خەرجنەکراو لە ماوەی ساڵانی مئاماژەپێکراو، لەگەڵ رێژەی لێبڕینەکانی مووچە، هەروەها شایستەی دارایی کۆمپانیاکان و خەرجی بەرهەمهێنانی کارەبا کە بە شێوەی چەک و مەقاسە خەرجکراون، ئەویش بەهۆی کەمی نەختینە لە بانکەکاندا."
کورتهێنانی بودجە لە حەوت ساڵی رابردوودا
کۆی داهاتەکانی حکومەت لە ماوەی ئەو حەوت ساڵەدا زیاتر لە 51.3 تریلیۆن دینار بووە (بەبێ تەمویلی حکومەتی عێراق، خەرجییەکانیشی زیاتر لە 87.5 تریلیۆن دینار بووە، بەمەش کۆی کورتهێنانی بودجە لەو حەوت ساڵەدا گەیشتووەتە 36.2 تریلیۆن دینار.
بەڵام لەو حەوت ساڵەدا وەزارەتی دارایی فیدراڵ زیاتر لە 33.4 تریلیۆن دیناری بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان ناردووە و کۆی داهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە زیاتر لە 84.8 تریلیۆن دینار، سەرەڕای ئەوەش هێشتا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی ئەو حەوت ساڵەدا 2.7 تریلیۆن دینار کورتهێنانی هەبووە.



