رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لەگەڵ خاوەنی کۆمپانیایەک کۆبووەوە، کە 65%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنێت. وەزارەتی دارایی رایگەیاند، تاوتوێی خەرجکردنی پارەی کۆمپانیاکەیان کردووە.
رۆژی سێشەممە، 30ی حوزەیرانی 2026، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەحمەد ئیسماعیل، خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی ئەحمەد ئیسماعیل کۆبووەوە، کە خاوەنی سێ وێستگەی سەرەکی بەرهەمهێنانی کارەبان لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک بەتوانای بەرهەمهێنانی چوار هەزار مێگاوات، کە 65%ـی کۆی کارەبای هەرێمی کوردستانە.
لە راگەیێندراوێکدا وەزارەتی دارایی رایگەیاند: "وەزیری دارایی ستایشی کارەکانی گروپی کۆمپانیاکانی ئەحمەد ئیسماعیلی کرد، کە ماوەی چەندین ساڵە بەشێکی زۆری کارەبای نیشتمانی بۆ هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان دابین دەکەن".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "پرسی خەرجکردنی شایستە داراییەکانی تایبەت بە بەرهەمهێنانی کارەبای گرووپی کۆمپانیاکانی ئەحمەد ئیسماعیل لە دیدارەکەدا تاوتوێ کرا؛ وەزیری دارایی پشتیوانی خۆی بۆ داواکارییەکانیان دووپات کردەوە".
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەکردووە، "سەرەڕای ئەو قەیرانە داراییەی چەندین ساڵە بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە و بووەتە هۆی خەرج نەکردنی شایستە داراییەکانیان، بەڵام گرووپی کۆمپانیاکانی ئەحمەد ئیسماعیل لە روانگەی بەرپرسیارێتی نیشتمانی و نەتەوەیی بەردەوام بوون لە دابینکردنی کارەبا بۆ هاونیشتمانیانی کوردستان".
لە چوارچێوەی "پڕۆژەی رووناکی" زیاتر لە 85%ی کارەبای هەرێمی کوردستان کراوەتەوە 24 کاژێری، زیاتر لە نیوەی کارەبای پڕۆژەکە لەلایەن کۆمپانیای ئەحمەد ئیسماعیلەوە بەرهەمدەهێندرێت.
قەرزی کارەبا لای حکومەتی هەرێمی کوردستان
بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، لە حەوت ساڵی رابردوودا تێچووی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 10 تریلیۆن و 260 ملیار دینار بووە، بەڵام حکومەت تەنیا 4 چوار تریلیۆن دیناری لەو تێچووە بۆ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی کارەبا خەرجکردووە و زیاتر لە 6 تریلیۆن دیناری بەهۆی نەبوونی سیولەی نەختینە لە بانکەکان خەرج نەکردووە.
بەگوێرەی داتاکان ساڵ لە دوای ساڵ خەرجی بەرهەمهێنانی کارەبا زیادی کردووە، بە جۆرێک لە ساڵی 2019دا تێچووی بەرهەمهێنانی کارەبا یەک تریلیۆن و 272 ملیار دینار بووە، بەڵام ئەو تێچووە لە ساڵی 2024دا گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی حەوت ساڵی رابردوو، کە زیاتر لە یەک تریلیۆن و 600 ملیار دینار بووە، بەڵام پار ئەو خەرجییە بۆ یەک تریلیۆن و 479 ملیار دینار بووە.
سەبارەت بە هۆکاری خەرجنەکردنی پارەکە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەڵێ: "لەبەر کەمی سیولەی نەختینە لە بانکەکانی حکومەتی هەرێم، خەرجییەکانی کارەبا بە رێژەی جیاواز خەرج کراون".

.jpg&w=3840&q=75)
