رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەڵێ، حکومەتی عێراق داوای 120 ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتی دەکات؛ ئاماژە بەوەش دەکات، حکومەتی عێراق رایگەیاندووە کە ئەگەر ئەو پارەیە نەنێردرێ، لە پارەی نێردراوی مانگی حوزەیران بۆ مووچە دەبڕدرێ.
رۆژی سێشەممە 30ی حوزەیرانی 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شاندی هەرێمی کوردستان شەوی رابردوو لە بەغداوە گەڕایەوە هەولێر و لە کۆبوونەوەکانیاندا سەبارەت بە داهاتی نانەوتی لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵ پێیان راگەیێندراوە کە دەبێت مانگانە بڕی 120 ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتی رادەستی بەغدا بکرێ.
سەرچاوەکەی رووداو گوتی، "بەغدا جەختی کردووەتەوە کە ئەگەر هەرێمی کوردستان پابەند نەبێت بە ناردنی ئەو بڕە پارەیە، ئەوا هاوشێوەی مانگی رابردوو، حکومەتی عێراق پەنا بۆ رێکاری بڕین دەبات و ئەو 120 ملیار دینارە لە کۆی گشتیی پارەی نێردراو بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی حوزەیران دەبڕێ."
سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی بۆ رووداو باسی لەوەش کرد، "ئێمە چەندین جار لایەنی عێراقیمان ئاگادار کردووەتەوە کە دیاریکردنی ئەو بڕە پارەیە هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە، چونکە ئێستا داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان کەمی کردووە و ناتوانرێ ئەو بڕە بنێردرێ."
لەبارەی کاتی دیاریکردنی داهاتەکە، سەرچاوەکە دەڵێت، "ئێستا چاوەڕێی تەواوبوونی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی حوزەیران دەکەین بۆ ئەوەی بزانین داهاتی ئەم مانگە بە وردی چەندە. بەپێی یاسا، دەبێت نیوەی ئەو داهاتە بنێردرێ."
رۆژی 23-06-2026 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "گەڕاندنەوەی ئەو 120 ملیار دینارە بۆ حکومەتی فیدراڵی لەسەر هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە. ئەوەی لە یاسادا هاتووە ئەوەیە کە نیوەی داهاتە نانەوتییەکان بدرێتە حکومەتی فیدراڵی."
17ی حوزەیرانی 2026، لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئایار لەلایەن تیمی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانەوە رادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا.
.jpg&w=3840&q=75)


