رووداو دیجیتاڵ
ئەڵمانیا رووبەڕووی دۆخێکی هاودژ بووەتەوە، لە کاتێکدا ژمارەی بێکاران لە بەرزبوونەوەدایە، سەتان هەزار دەرفەتی کار بە بەتاڵی ماونەتەوە و کۆمپانیاکانیش بەدەست نەبوونی پیشەگەری لێهاتووەوە دەناڵێنن. بەگوێرەی ئامارەکان، تەنیا لە 10 ساڵی داهاتوودا 13 ملیۆن کەس خانەنشین دەبن و مەترسیی قووڵتربوونی قەیرانەکە لەئارادایە.
کۆمپانیای سامسن بۆ دروستکردنی وەلفی پیشەسازی لە هەرێمی هێسن، نموونەیەکی زیندووی ئەو قەیرانەیە. کۆمپانیاکە 2000 فەرمانبەری هەیە و بڕیارە تاوەکو هەشت ساڵی دیکە 450 کەسیان خانەنشین بن، بەڵام دۆزینەوەی جێگرەوەیان بووەتە ئاستەنگ.
فرانک ئۆپنلاندەر، بەڕێوەبەری سەرچاوە مرۆییەکان لە کۆمپانیای سامسن دەڵێت: "ئێمە بە دیاریکراوی بەدوای کارپێکەری ئامێر، تەکنیککاری میکاتڕۆنیکس و تەکنیکاری ئەلیکترۆنیدا دەگەڕێین. ئەمە کێشەیەکی گەورەیە لە ئەڵمانیا، چونکە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک لە ماوەی چەند ساڵی داهاتوودا خانەنشین دەبن."
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ژمارەی بێکاران لە ئەڵمانیا لە کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2015ـەوە بۆ زیاتر لە 3 ملیۆن کەس بەرزبووەوە. ئەگەرچی لە مانگی حوزەیراندا ئەو ژمارەیە کەمێک دابەزی بۆ 2.94 ملیۆن کەس، بەڵام هێشتا لە ئاستێکی بەرزدا ماوەتەوە.
هاوکات لەگەڵ ئەم بێکارییە، 643 هەزار پۆستی بەتاڵ لە ئاژانسی فیدراڵیی کار (FEA) تۆمارکراون کەسیان بۆ پەیدا ناکرێت.
کاتارینا هێنکڵ، سەرۆکی ئاژانسی خۆجێی کار لە باد هێرسفێڵد، ئاماژە بەو بۆشاییە دەکات و دەڵێت: "خەڵکێکی زۆر بەدوای کاردا دەگەڕێن و خاوەنکارەکانیش بەدوای پیشەگەری لێهاتوودا دەگەڕێن، بەڵام داواکاریی خاوەنکارەکان و لێهاتووییە بەردەستەکان یەک ناگرنەوە."
لە ئەڵمانیا 160 جۆری کار هەن کە دۆزینەوەی دەستی کار بۆیان ئەستەم بووە، لەوانە: (بۆریچی، کارمەندی چاودێری، پەرستار، پسپۆڕی چارەسەری سرووشتی، شۆفێری پاس و بارهەڵگر).
هۆکاری سەرەکیی پڕنەکردنەوەی ئەم شوێنانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەو کارانە پێویستییان بە راهێنانی پیشەیی درێژخایەن یان خوێندنی ئەکادیمی هەیە، تەنانەت پڕکردنەوەی هەندێک لەو پۆستانە پێویستیی بە زیاتر لە 300 رۆژ گەڕان هەیە.
چاوەڕوان دەکرێ قەیرانی دامەزراندن لە گەورەترین ئابووریی ئەورووپادا بەرەو خراپتر بوون بچێت. ئامارە دیمۆگرافییەکان نیشانی دەدەن لە 10 ساڵی داهاتوودا نزیکەی 13 ملیۆن ئەڵمانی دەگەنە تەمەنی خانەنشینی، لە بەرامبەردا تەنیا 7.8 ملیۆن گەنج دەچنە ناو بازاڕی کارەوە.
ئەم بۆشاییە گەورەیە لە کاتێکدایە، شارەزایان پێیان وایە بەم ژمارە و دۆخەی ئێستای پەناخوازانەوە، ناتوانرێت قەرەبووی ئەو کورتهێنانە گەورەیە لە هێزی کاردا بکرێتەوە.


.jpg&w=3840&q=75)