رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ دەڵێ، لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا گەیشتووەتە رێککەوتن بۆ ئەوەی مۆسکۆ بە چەند قۆناخێک پێنج ملیۆن تۆن دیزڵ رەوانەی بازاڕەکانی ئەمریکا و جیهان بکات، بە مەبەستی دابەزاندنی خێرای نرخی سووتەمەنی.
ترەمپ لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی ترووس سۆشیاڵ رایگەیاند کە گفتوگۆیەکی "زۆر سەرکەوتوو"ی لەگەڵ پووتین ئەنجامداوە و رێککەوتوون، مۆسکۆ دەستبەجێ زیاتر لە 300 هەزار تۆن دیزڵ بخاتە بازاڕەوە، دواتریش لە تشرینی دووەم 500 هەزار تۆنی دیکە و یەک ملیۆن تۆنیش راستەوخۆ دوای ئەوە دابین دەکات.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، بەگوێرەی ئامادەیی پاڵاوگەکانی رووسیا، بڕیارە مۆسکۆ لە قۆناخێکی دیکەدا و لە ماوەیەکی کورتدا سێ ملیۆن تۆنی دیکەی دیزڵ هەناردە بکات، ئەمەش کۆی گشتیی هەناردەکە دەگەیەنێتە نزیکەی 4.8 ملیۆن تۆن.
ترەمپ گوتیشی، کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی تەنگەى هورمز لەلایەن ئەمریکاوە لەگەڵ ئەم رێککەوتنە لەگەڵ رووسیا، دەبێتەهۆی دابەزینی مێژوویی و خێرای نرخی گاز لە ئەمریکا و سەرتاسەری جیهان، بەتایبەت بۆ جووتیاران، ئاژەڵداران و شۆفێرانی بارهەڵگر.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا سەرۆکی ئەمریکا هۆشدارییەکی ئاراستەی تاران کرد و نووسی: "پێویستە هەمووان لەوە تێبگەن کە ئێران نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
دەقی پۆستەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا:
"هەر ئێستا کۆتاییم بە گفتوگۆیەکی زۆر سەرکەوتوو لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا هێنا کە تێیدا رێککەوتین لەسەر ئەوەی رووسیا دەستبەجێ زیاتر لە 300,000 تۆن دیزڵ بۆ بازاڕی ئەمریکا و جیهان دابین بکات، لە ماوەی مانگی تشرینی دووەمیش 500,000 تۆنی دیکە و راستەوخۆ دوای ئەوەش 1,000,000 تۆنی تر بنێرێ. سەرەڕای ئەوەش، بەپێی دۆخی پاڵاوگەکانی، رووسیا دواتر و لە ماوەیەکی کورتدا 3,000,000 تۆنی دیکەی دیزڵ رادەست دەکات. لەنێو کۆنترۆڵی تەواوەتیمان بەسەر تەنگەى هورمز و ئەم راگەیێندراوە گەورەیەی تایبەت بە کەرتی وزەی رووسیا، نرخی گازوایل بۆ ئەمریکییەکان و تەنانەت بۆ هەموو جیهانیش بە ژمارەی پێوانەیی و بە خێراییەکی زۆر دادەبەزێ! نرخە هەرزانەکان بۆ ئەمریکییەکان، بەتایبەت بۆ جووتیارە مەزنەکانمان، ئاژەڵداران و شۆفێرانی بارهەڵگرەکانمان، لە پێشینەی سەرەکیی کارەکانمە. ئەمە راگەیێندراوێکی زۆر گەورە و گرنگە. جگە لەوەش، پێویستە لەوە تێبگەن، کە ئێران نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی!"
.jpg&w=3840&q=75)


