رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت رۆژی هەینی نزیکەی 30 سەنت بەرزبووەوە و لەسەر ئاستی هەفتانەدا بە جێگیری مایەوە.
لە کاتی داخستنی بازاڕەکاندا، نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 30 سەنت بەرزبووەوە و بەرمیلێکی بە 71 دۆلار و 94 سەنت مامەڵەی پێوەکرا؛ هاوکات نرخی نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکاش بە هەمان رێژە بەرزبووەوە و گەیشتە 68 دۆلار و 78 سەنت.
لەسەر ئاستی هەفتانەدا، نرخەکانی نەوت بەهۆی بەردەوامیی لێکتێگەیشتنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ راگرتنی گرژییەکان، گۆڕانکارییەکی ئەوتۆیان بەسەردا نەهات و بەزۆری بە جێگیری مانەوە.
رۆژی هەینی قەبارەی مامەڵەکان لە بازاڕی نەوتدا سنووردار بوون، ئەوەش بەهۆی پشووی رۆژی سەربەخۆیی ئەمریکا کە ئەمڕۆ شەممەیە، بەڵام بازاڕەکانی ئەو وڵاتە رۆژی هەینی داخرابوون.
شرۆڤەکارانی بانکی سیتی لە راپۆرتێکدا رایانگەیاندووە: "پرۆسەی رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران بە هەستیاری ماوەتەوە، بەڵام هێشتا بەردەوامە؛ لەبەر ئەوەی بابەتی باجی سەر تێپەڕینی تەنگەی هورموز و چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی وەک خاڵێکی ناکۆکی ماونەتەوە."
بانکە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: "پێشبینی دەکەین یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکە بەردەوام بێت، نەک لەبەر ئەوەی متمانە لە نێوان هەردوو لایەندا لەپڕ دروست بووە، بەڵکو لەبەر ئەوەی شکاندنی رێککەوتنەکە بۆ هەردوولا زیانی دەبێت."
هەرچەندە جووڵەی کەشتیوانی لە تەنگەی هورموزدا دەستی پێکردووەتەوە (وەک ئەوەی لە رێککەوتنە سەرەتاییەکەی نێوان واشنتن و تاراندا هاتبوو)، بەڵام دوای ئەوەی لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا هەردوو وڵات هێرشیان کردە سەر بەرژەوەندییەکانی یەکتر، هێشتا ناڕوونییەکی زۆر هەیە.
لەلایەکی دیکەوە، بەرهەمهێنەرانی کەنداو خەریکی زیادکردنی بەرهەمهێنانن؛ بەپێی راپرسییەکان، بەرهەمی ئۆپێک لە مانگی حوزەیراندا بە بڕی 3.3 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا زیادی کردووە، بەراورد بە مانگی پێشووتر.
بەرهەمهێنانی نەوتی کوێت لە مانگی حوزەیراندا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە بۆ 1.65 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، لە کاتێکدا لە مانگی ئایاردا تەنیا 580 هەزار بەرمیل بووە.
لانی کەم پێنج کەشتیی نەوتهەڵگری گەورە کە 10 ملیۆن بەرمیل نەوتی سعوودیەیان بارکردووە، لە تەنگەی هورموز تێپەڕیوون. هەروەها کۆمپانیای ئارامکۆی سعوودی نرخەکانی لە گرێبەستە درێژخایەنەکانەوە گۆڕیوە بۆ نرخی دەستبەجێ (Spot)، تاوەکو بە خێراتر لە بازاڕەکانی ئاسیادا بیفرۆشێت.
رۆری جۆنستۆن، دامەزرێنەری کۆمپانیای (Commodity Context) لەو باریەوە دەڵێت: "بە گشتی قەبارەی دابینکردنی نەوت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر خێراترە لە پێشبینییە سەرەتاییەکانمان، ئەوەش لە کاتێکدایە داواکاریی چین بۆ هاوردەکردن هێشتا لاوازە."



