رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ئەو داتایانەی دەست رووداو کەوتووون، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، نزیکەی 5000 کیلۆگرام زێڕ لە رێگەی هەردوو فڕۆکەخانەکەی هەرێمی کوردستان هاوردە کراون، کە زۆرترینی لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بووە.
لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە 3800 کیلۆگرام و لە فڕۆکەخانەی جەلال تاڵەبانی لە سلێمانی 1089 کیلۆ زێڕ هاوردە کراوە، بە گوێرەی داتاکانی عێراق بەراورد بە پار هاوردەی زێڕ 60٪ کەمیکردووە.
رۆژی 5ی تەممووزی 2026 سەرهەنگ کەمال محەممەد، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەم ساڵ 1089 کیلۆگرام زێڕ لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی لە سلێمانی هاوردە کراوە، کە زۆرترین بڕی لە مانگی کانوونی دووەم بووە و 448 کیلۆگرام بووە، هەروەها مانگی شوبات 288 کیلۆگرام، مانگی ئادار 47 کیلۆگرام، مانگی نیسان 8 کیلۆگرام، مانگی ئایار 76 کیلۆگرام و مانگی حوزەیران 222 کیلۆگرام هاوردەکراوە.
بە گوتەی بەرپرسی هۆبەی پشکنین و مۆڵەتی خشڵ لە بەڕێوبەرایەتیی پێوانەسازی و کۆنترۆڵی جۆریی سلێمانی، هیچ بڕە زێڕێکی هاوردە رەتنەکراوەتەوە.
هەروەها بەگوێرەی داتاکانی دارسان گۆڵد ئینتەرناشناڵ-DGI کە زێڕ، زیو و کانزاکان هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکات، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو 14ـی حوزەیرانی 2026، زیاتر لە 3800 تۆن زێڕ لە رێگەی فڕۆکەخانەی هەولێرەوە هاوردە کراوە.
کۆی گشتی ئەو زێڕەی لە رێگەی هەردوو فڕۆکەخانەکە هاوردەکراوە، گەیشتووەتە چوار هەزار و 889 کیلۆگرام
هاوردەکردنی زێڕ بۆ سلێمانی کەمیکردووە
بەگوێرەی ئامارەکانی هۆبەی پشکنین و مۆڵەتی خشڵ لە بەڕێوبەرایەتیی پێوانەسازی و کۆنترۆڵی جۆریی سلێمانی، ساڵی 2024دا 12 هەزار و 926 کیلۆگرام و ساڵی 2025دا 4 هەزار و 181 کیلۆگرام زێڕ هاوردەی سلێمانی کراون.
لەبارەی هۆکاری کەمبوونەوەی هاوردەی زێڕ، بەرپرسی هۆبەی پشکنین و مۆڵەتی خشڵ لە بەڕێوبەرایەتیی پێوانەسازی و کۆنترۆڵی جۆری سلێمانی گوتی، "هۆکاری یەکەم بەرزبوونەوەی نرخە کە خواستی لەسەر زێڕ کەمکردووەتەوە، دووەمیان جەنگی ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل و داخرانی ئاسمانی عێراقە، هۆکاری سێیەم داخرانی ئاسمانی تورکیا بە رووی فڕۆکەخانەی سلێمانی لە مانگی نیسانی 2023، کە وایکرد هاوردەی زێڕ لە تورکیاوە کەمبکات و زیاتر لە ئیماراتەوە هاوردە بکرێت."
هاوردەی زێڕ بۆ عێراق کەمی کردووە
ئەندزیار عەلی کەریم سەعید، بەڕێوەبەری بەشی خشڵ لە دەزگای ناوەندی پێوانەسازی و کۆنترۆڵی جۆری لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو 31-05-2026، بڕی 10,247 کیلۆگرام زێڕ هاوردەی عێراق کراوە، لەکاتێکدا لە هەمان ماوەی پار، بڕی زێڕی هاوردەکراو 25,472 کیلۆگرام بووە".
ئەوەش نیشانیدەدات هاوردەکردنی ئەو کانزا زەردە زیاتر لە 15 تۆن کەمیکردوە، کە دەکاتە نزیکەی 60٪.
بەڕێوەبەری بەشی خشڵ دیاترین هۆکارەکانی ئەو کەمبوونەوەی روونکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، دەستپێکردنی جێبەجێکردنی سیستمی ئەلیکترۆنیی "ئەسیکۆدا" (ASYCUDA) لە دەروازە و فڕۆکەخانەکان، هۆکاری سەرەکی بووە کە چاودێرییەکی وردتر و رێکاری نوێی گومرگی بەسەر کاڵا هاوردەکراوەکاندا سەپاندووە، پرۆسەکە پێویستی بەکاتە بۆ خۆگونجاندن. هەروەها زێڕ تەنیا لە رێگەی فڕۆکەخانە هاوردە دەکرێ و لە ئەنجامی پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکە، ماوەیەکی زۆر فڕۆکەخانەکان داخرابوو، جگە لەمەش ئامارەکە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە.
بە بڕیاری حکومەتی عێراق، هاوردەکردنی زێڕ تەنیا لە رێگەی فڕۆکەخانەکانەوە رێگەپێدراوە. دابەشبوونی بڕی زێڕی هاوردەکراو بەگوێرەی فڕۆکەخانەکان لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی 2026 بەراورد بە ساڵی 2025 بەم شێوەیەیە:
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا:
- ساڵی 2026: 8,402 کیلۆگرام.
- ساڵی 2025: 18,362 کیلۆگرام.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف:
- ساڵی 2026: 200 کیلۆگرام.
- ساڵی 2025: 4,120 کیلۆگرام.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەسرە:
- ساڵی 2026: 275 کیلۆگرام.
- ساڵی 2025: 2,883 کیلۆگرام.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک: لە ساڵی 2025ـدا، 882 گرام زێڕی لێوە هاوردە کراوە، بەڵام لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی 2026ـدا، هیچ بڕە زێڕێک لەو فڕۆکەخانەیەوە هاوردە نەکراوە.


