رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، خەرجیی مانگانەی دامودەزگاکانی حکومەت، 130 ملیار تاوەکو 160 ملیار دینارە، نزیکەی نیوەی ئەو خەرجییانە بۆ پێشینەی مانگانە (نەسریە)ی فەرمانگەکانن.
ئەو خەرجییانەی حکومەت بریتین لە پێشینەی مانگانە، چاککردنەوەی رێگەوبانەکان، خاوێنکردنەوە، پاککردنەوەی شار و نەخۆشخانەکان، کڕین و دابینکردنی سووتەمەنی بۆ فەرمانگەکان، خواردنی بەندکراوان و نەخۆشەکان، کرێی خانوو و باڵەخانەکان، بەخشین و کڕینی دەرمان و پێداویستیی پزیشكی بۆ نەخۆشخانەکان.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، ئەو خەرجییانەی لە دوو توێی کتێبێک بە ناوی (کار و چالاکی و چاکسازی لە وەزارەتی دارایی 2019 -2025) بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: "ئەو خەرجییانە مانگانە لە نێوان 130 - 160 ملیار دینارە و بەپێی بارودۆخ گۆڕانکارییان بەسەردا دێت."
هەر بە گوێرەی داتاکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری مانگانە 42 ملیار و 623 ملیۆن دینار لە داهاتی ناوخۆ بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەست و مامۆستایانی وانەبێژ خەرج دەکرێت.
وردەکاریی خەرجییەکان:
- پێشینەی مانگانە: 60 ملیار دینار.
- چاککردنی رێگاوبان، ئاوەدانکردنەوەی پارک، باخچە و سەوزایی ناو شار: 30 ملیار دینار.
- پاککردنەوەی شار و نەخۆشخانەکان: 12 ملیار دینار.
- کڕین و دابینکردنی سووتەمەنی بۆ فەرمانگەکانی حکومەت: 8 ملیار دینار.
- خواردنی سزادراو و راگیراوان و نەخۆشەکان: 7 ملیار دینار.
- کڕینی دەرمان و دابینکردنی ئامێر و پێداویستی پزیشکی: 7 ملیار دینار.
- بەخشین: 4 ملیار دینار.
- کرێی خانوو و باڵەخانە: 2 ملیار دینار.
فەرمانگەکانی کام پارێزگا زۆرترین خەرجی دەبەن؟
وەزارەتی دارایی و ئابووری ئاماژەی بە تێكڕای خەرجی فەرمانگەکان بەپێی پارێزگاکان کردووە، کە زۆرترینی بەر پارێزگای هەولێر کەوتووە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە، کە وەزارەت و دەستە و زۆربەی فەرمانگەکان لە سنووری پارێزگای هەولێرن.
خەرجیی فەرمانگەکان بەپێی پارێزگاکان:
- هەولێر: 44%
- سلێمانی و هەڵەبجە: 36%
- دهۆک: 19%
- ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان: 1%


