رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە نرخی نەوت کەمێک دابەزی، ئەمەش دوای ئەوەی هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس رازی بوو لەسەر زیادکردنی زیاتری ئامانجەکانی بەرهەمهێنان لە مانگی داهاتووەوە.
نرخی نەوتی خاوی برێنت ئەمڕۆ، یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکانی ئەم هەفتەیە، 24 سەنت یان 0.33% دابەزی و گەیشتنە 71.88 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 11 سەنت دابەزی و بە 68.58 دۆلار مامەڵەی پێوە کرا.
هەفتەی رابردوو نرخەکانی نەوت گۆڕانکاریی کەمیان بەخۆیەوە بینی، دوای دابەزینە بەرچاوەکانی لە کۆتایی مانگی رابردوودا. بازرگانان ئێستا بەوردی چاودێری گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکەن کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو لە پاکستان بەڕێوەبچن و بابەتەکانی پەیوەست بە چارەنووسی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز و چەندین بابەتی دیکەی وەک پارە سڕکراوەکانی ئێران و پرسی ئەتۆمی ئەو وڵاتە تاوتوێ بکرێن.
رێکخراوی ئۆپێک و هاوپەیمانەکانی، لەوانەش رووسیا، رۆژی یەکشەممە رێککەوتن ئاستی بەرهەمهێنان لە مانگی ئابدا بە بڕی 188,000 بەرمیلی دیکە لە رۆژێکدا زیاد بکەن، ئەمەش جگە لەو زیادکردنەی کە بۆ مانگەکانی حوزەیران و تەممووز دیاریکرابوو.
تۆنی سیکامۆر، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (IG) لەو بارەیەوە رایگەیاند: "ئەو ژمارەیەی بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان دیاری کراوە لەگەڵ پێشبینییەکان دەخوێنێتەوە، بەڵام بەهۆی چوونە دەرەوەی ئیمارات لە رێکخراوی ئۆپێک و لە کاتێکدا هێشتا وڵاتان نەگەیشتوونەتەوە بەرهەمهێنانی ئەو ئاستەی بۆیان دیاری، ئەستەمە رێککەوتنەکەی ئۆپێک پڵەس کاریگەرییەکی زۆر گەورەی لەسەر بازاڕی نەوت هەبێت."
ئێستا وڵاتانی کەنداو دەستیان کردووە بە گەڕانەوەی ئەو بڕە نەوتەی کە لە کاتی جەنگی ئێراندا وەستابوو. بەپێی راپۆرتەکان، بەرهەمی نەوتی ئۆپێک لە مانگی حوزەیراندا بە بڕی 3.3 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا زیادی کردووە و گەیشتووەتە 19.43 ملیۆن بەرمیل، ئەمەش دوای ئەوەی بۆ نزمترین ئاستی لە ماوەی زیاتر لە دوو دەیەدا دابەزیبوو.
داتاکان پێشانی دەدەن، هەناردەی نەوتی کەنداو لە مانگی حوزەیراندا بە بڕی زیاتر لە 3 ملیۆن بەرمیل بەراورد بە مانگی ئایار زیادی کردووە و گەیشتووەتە سەرووی 10 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، هەرچەندە ئەو بڕە هێشتا 40% کەمترە لە ئاستەکانی پێش جەنگ.



