رووداو دیجیتاڵ
تائێستا مووچەی مانگی 6ی پەرلەمانتارانی عێراق خەرج نەکراوە و بە گوتەی پەرلەمانتارێکی کورد، وەزیری دارایی عێراق رایگەیاندووە، دوای خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، مووچەی پەرلەمانتارانی عێراق خەرج دەکات. هەروەها دەڵێت، سبەی بڕیاری خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەدرێت.
د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 6ی تەممووزی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تائێستا پەرلەمانتارانی عێراق مووچەی مانگی 6یان وەرنەگرتووە."
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی، هۆکارەکەی بۆ "نەبوونی پارەی کاش"ی گەڕاندەوە و گوتی، "بەشێوەیەکی ئاسایی پەرلەمانتاران لە 18ی مانگەوە تاوەکوو 25ی مانگ، ئەوپەڕی تاوەکوو 30ی مانگ مووچە وەردەگرن، بەڵام ئەم مانگە بەهۆی گرفتی پارەی کاشەوە تائێستا مووچەکانیان وەرنەگرتووە."
سەبارەت بە مووچەی هەرێمی کوردستان، ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی کێشەی 120 ملیار دینارەکەوە خەرجکردنی مووچەی مانگی 6ی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دواکەوتووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق، رایگەیاندوە، ئەگەر هەرێمی کوردستان 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی رەوانەی بەغدا نەکات، ئەوا لە پشکی هەرێمی کوردستان 120 ملیار دینارەکە دەبڕێت و مووچەکە رەوانە دەکات.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی نەبوونی پارەی کاشەوە تاوەکو ئێستا پەرلەمانتاران مووچەیان وەرنەگرتووە. بە گوتەی ئەو، "ئەمینداری گشتیی پەرلەمانی عێراق لە وەزارەتی دارایی بەدواداچوونی بۆ دواکەوتنی مووچە کردووە و فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق، پێی راگەیاندووە کە دوای خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ئینجا مووچەی پەرلەمانتاران خەرج دەکات."
شێروان دووبەردانی گوتی، "رۆژی پێنجشەممەی رابردوو مووچەی فەرمانبەرانی پەرلەمان خەرج کراوە، بەڵام هیی پەرلەمانتارانی ئەم خولە و پێنج خولەکەی رابردوو، لەگەڵ ئەنجوومەنی نیشتمانی بە پاسەوانەکانیشیانەوە خەرج نەکراوە."
سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، شێروان دووبەردانی گوتی: "سبەی سێشەممە بڕیاری پارەدارکردنی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەردەچێت بۆ خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان."
هەر لەبارەی مووچەوە، سەرچاوەیەک لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق ئەمڕۆ دووشەممە، 6ی تەممووزی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق دوو رۆژ لەمەوبەر مووچەی وەرگرتووە، هەرچەندە پێشتر مانگانە لە 24ی مانگدا مووچەیان وەردەگرت.



