رووداو دیجیتاڵ
دەستەی وەبەرهێنان رایگەیاند، 11 کۆمپانیا و بازرگان گەنمی ئەو جووتیارانە دەکڕن و هەناردەی دەکەن، کە حکومەتی عێراق وەری ناگرێت. یەکێک لە بازرگانەکان دەڵێ، نرخ دیاری نەکراوە و گەنمەکە بە نرخی رۆژ وەردەگرن.
دووشەممە 6-7-2026 دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی جووتیارانی بەرهەمهێنی گەنم لە هەرێمی کوردستان، رەزامەندی درا لەسەر کڕینەوەی گەنمی ئەم ساڵی جووتیاران لەلایەن کۆمپانیا و بازرگانانەوە".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، 11 کۆمپانیا و بازرگان ئامادەییان دەربڕیوە ئەو گەنمە وەربگرن و هەناردەی بکەن، کە ئەم ساڵ بەرهەم هاتووە و حکومەتی عێراق ئامادە نەبووە بە نرخی فەرمی وەریبگرێت.
هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەگەڵ کۆمپانیاکان و بازرگانەکان قسەکراوە و ئامادەن بۆ وەرگرتنی گەنم، هەر جووتیارێک گەنمەکەی ئامادەیە دەتوانێت پەیوەندییان پێوەبکات و بەرهەمەکەی بۆ ساخ دەکەنەوە".
یونس حەسەن، یەکێک لەو بازرگانەی ئامادەیی دەربڕیوە گەنمەکە وەربگرێ، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "گەنم وەکو زۆر بابەتی دیکە بۆرسەی هەیە، تاوەکو ئێستا نرخێکی فەرمی بۆ وەرگرتنەوەی گەنم دیاری نەکراوە، بەڵام ئێمە گەنمە بەگوێرەی نرخی رۆژ و بۆرسە دەکڕین".
دەستەی وەبەرهێنان داوا لە جووتیاران دەکات، بۆ وەرگرتنی رێنمایی بۆ وەرگرتنی گەنمەکانیان، سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی کشتوکاڵ بکەن لە ناوچەکانی خۆیان.
لە لیستێکدا ناوی کۆمپانیا و بازرگانەکان خراوەتەڕوو کە گەنم وەردەگرن؛ نۆ کۆمپانیا و دوو بازرگانن و ئەمانەن:
- کۆمپانیای دەنگەوەر - 07501161112 لە هەولێر
- کۆمپانیای نۆرت ستار - 07504506867 لە دهۆک
- کۆمپانیای دەنگی ژیان - 07503036937 لە دهۆک
- کۆمپانیای زەنگنان - 07504033615 لە دهۆک
- کۆمپانیای تازەج - 07504501435 لە دهۆک
- کۆمپانیای سەردار هەرکی - 07504667717 لە دهۆک
- کۆمپانیای رێ گەل - 07728526537 لە سلێمانی
- کۆمپانیای گرین سکای - 07700580202 لە سلێمانی
- کۆمپانیای ناترۆن - 07715222629 لە سلێمانی
- یونس حەسەن ئیسماعیل - 07504669898 لە هەولێر
- دیدار حوسێن عەلی - 07504552526 لە هەولێر
بەرهەمی گەنمی هەرێمی کوردستان
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، پێشبینی دەکەن بەرهەمی گەنمی ئەم ساڵ بگاتە دوو ملیۆن تۆن، لەکاتێکدا حکومەتی عێراق بڕیاری داوە تەنیا 400 هەزار تۆنی وەربگرێ.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، سایلۆکانی هەرێمی کوردستان لە 400 هەزار تۆن گەنم کە دەبێ وەربگیرێت، نزیکەی 300 هەزار تۆنی وەرگیراوە و وەرگرتنی گەنم بەردەوامە.
بەگوێرەی حکومەتی عێراق، پشکی وەرگرتنی گەنم بۆ چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان (ناو پلان و دەرەوەی پلان) بەمشێوەیە دەبێت:
- پارێزگای سلێمانی: 150 هەزار و 209 تۆن.
- پارێزگای هەولێر: 122 هەزار و 680 تۆن.
- پارێزگای دهۆک: 116 هەزار و 408 تۆن.
- پارێزگای هەڵەبجە: 11 هەزار و 28 تۆن.
12ـی حوزەیرانی 2026، وەرگرتنی گەنم لە سایلۆکانی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و دواتریش لە سلێمانی و هەڵەبجە دەستیپێکرد و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق بڕیاری داوە 400 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، کە 292 هەزار تۆنی بە گەنمی نێو پلانی چاندن دادەنرێت و تۆنی بە 700 هەزار دینارە، زیاتر لە 108 هەزار تۆنیش لە دەرەوەی پلانە و تۆنی بە 500 هەزار دینار وەردەگیرێ.
ساڵی 2024 حکومەتی عێراق 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت، ساڵی 2025 کەمیکردەوە بۆ 400 هەزار تۆن بە نرخی 800 هەزار دینار بۆ تۆنێک.



