رووداو - دیجیتاڵ
بڕیارێکی نوێی وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق، خاوەن حەوزەکانی ماسیی لە داقووق تووشی قەیران کردووە؛ ئێستا ڤێتەنەریی کەرکووک نووسراوی رێگەپێدان بۆ هەناردەکردنی ماسی نادات و بازگەکان رێگری لە گواستنەوەیان دەکەن. بەهۆی ئەم بڕیارانەشەوە، ژمارەی حەوزەکانی ماسی لەو قەزایە لە 1700 حەوزەوە بۆ 425 حەوز کەمبووەتەوە.
عیماد سەمەد، خاوەنی حەوزێکی ماسییە لە داقووق، پێنج هەزار ماسی لە حەوزەکەیدا بەخێو کردووە و پارەیەکی زۆری تێدا خەرج کردووە، بەڵام ئێستا ناتوانێت ماسییەکانی بفرۆشێت. ئەو دەڵێت: "لە هەموو پارێزگاکانی عێراق فرۆشتنی ماسی ئاساییە، تەنیا لە کەرکووک قەدەغە کراوە. ماسییەکانمان گەورە بوون و ئەم بڕیارە زیانی زۆری پێگەیاندووین."
بەشێک لە خاوەن حەوزەکانی ماسی دژی ئەم رێگرییە خۆپێشاندانیان کرد و داوای چارەسەری بەپەلەیان کرد. محەممەد فەرمان، یەکێکی دیکەیە لە خاوەن حەوزەکان و ئاماژە بەوە دەکات کە پێشتر نووسراوی ڤێتەنەرییان بۆ دەکرا و تاوەکو بەغدا کەس رێگری لێ نەدەکردن، بەڵام "ئێستا کەرکووک بووەتە کێشە و تەنیا پارێزگایە لەسەر ئاستی عێراق کە نووسراوی رێگەپێدانی تێدا راگیرابێت."
هۆکاری قەدەغەکردنەکە چییە؟ بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بڕیارەکە لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ و وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراقەوە دەرچووە. هۆکارەکەشی بۆ پاراستنی "ئاوی ژێر زەوی" دەگەڕێننەوە، چونکە پێیان وایە حەوزەکان کاریگەریی نەرێنییان لەسەر کەمبوونەوەی ئاو هەیە و دەبێت دابخرێن.
عەدنان حوسێن، قایمقامی داقووق لەو بارەیەوە بە رووداوی رایگەیاند: "وەزارەتەکان نووسراویان بۆ پارێزگای کەرکووک کردووە و دەڵێن ئاوی ژێر زەوی کەمی کردووە و حەوزەکان رابگرن. ئێمە لە هەوڵداین هاوکاری خەڵکەکە بین تاوەکو ماسییەکانیان بفرۆشن و نووسراومان بۆ پارێزگا کردووە تاوەکو ئاراستەی بەغدای بکات."
ئاماری حەوزەکانی ماسی لە داقووق:
- ساڵی 2021: زیاتر لە 1,700 حەوزی ماسی هەبوون.
- ئێستا: تەنیا 425 حەوز ماونەتەوە.
- هۆکاری کەمبوونەوە: رێگریی بازگەکان و هەڵمەتەکانی تێکدانی حەوزەکان لەلایەن
حکومەتەوە.
لە کاتێکدا بەڕێوەبەری ڤێتەنەریی کەرکووک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە چووەتە بەغدا، خاوەن حەوزەکان چاویان لەوەیە رێگەیان پێبدرێت بەرهەمەکانیان بگەیێننە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، پێش ئەوەی زیانە داراییەکانیان زیاتر بێت.
.jpg&w=3840&q=75)
