رووداو - دیجیتاڵ
فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق لەبەردەم لیژنەی دارایی پەرلەماندا دان بەوەدا دەنێت کە "کەمیی نەختینە" هۆکاری سەرەکیی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە. هاوکات رووداو زانیویەتی کە هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی لە بودجەی ساڵی داهاتوودا، پشکی هەرێمی کوردستان لە "مووچە"وە بگۆڕدرێت بۆ رێژەی 12.67٪ـی کۆی بودجە.
سێشەممە، لە کۆبوونەوەیەکی سێ کاژێریدا لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق بۆ یەکەمجار دوای دەستبەکاربوونی، رووبەڕووی پرسیارەکانی تایبەت بە مووچە و بودجە بووەوە.
"ویژدانم قبوڵ ناکات" جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمان بە رووداوی راگەیاند: "وەزیر بەڵێنێکی دا و گوتی ویژدانم قبوڵ ناکات مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ببنە قوربانی. وەک پابەندییەکی نیشتمانی جەختی لەوە کردەوە کە بەردەوام دەبن لە ناردنی مووچە، بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد کە کێشەی سیولە و گوشارە سیاسییەکان کاریگەرییان لەسەر کاتی ناردنی پارەکە هەیە."
بودجەی 2027؛ جیاواز لە ساڵانی رابردوو یەکێکی دیکە لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە، یاسای بودجە بوو. دانەر عەبدولغەفار، ئەندامی لیژنەی دارایی ئاشکرای کرد: "ئەمساڵ یاسای بودجە نابێت و کار لەسەر بودجەی ساڵی 2027 دەکرێت. وەزیر پێی راگەیاندین کە لە مانگی 10دا بودجەیەک دەگاتە پەرلەمان کە ناوی ناوە 'بودجەی بەرنامە' و رێکخستنێکی جیاوازی بۆ کراوە."
کێشەی 120 ملیار دینارەکە سەبارەت بەو رێککەوتنانەی ئێستا لە نێوان هەولێر و بەغدا هەن، وەزیری دارایی هۆشداری داوە کە رێککەوتنی ناردنی ئەو 120 ملیار دینارەی مانگانە، "لە دەرەوەی یاسایە" و پێویستە لە بودجەی 2027دا چارەسەرێکی یاسایی بۆ بدۆزرێتەوە تاوەکو نەبێتە رێگر لەبەردەم خەرجکردنی پارەکە.
پوختەی زانیارییەکانی کۆبوونەوەکە:
- مووچەی مانگی شەش: بەهۆی کەمیی نەختینە (سیولە) لە بەغدا دواکەوتووە.
- کاتی ناردنی مووچە: وەزیر نەیتوانی رۆژێکی دیاریکراو بەڵێن بدات، بەڵام دڵنیایی
دا کە دەینێرن.
- بەشە بودجەی هەرێم: هەوڵ هەیە بۆ گۆڕینی سیستەمی تەمویل بۆ رێژەی جێگیری
12.67٪.
- بودجەی داهاتوو: ناوی "بودجەی بەرنامە" دەبێت و مانگی ئۆکتۆبەر دەگاتە
پەرلەمان.
سەرەڕای گوشارە سیاسییەکان و ئاستەنگە داراییەکان، پەیامی سەرەکیی وەزیری دارایی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان "دڵنیایی" بوو لەوەی کە مووچە نابڕدرێت، بەڵام بێ دیاریکردنی وادەی کۆتایی بۆ کۆتاییهاتن بە "دواکەوتنی مووچە".

.jpg&w=3840&q=75)
