رووداو دیجیتاڵ
بەراورد بە سەرەتای ئەم مانگە، نرخی تەماتە لە هەرێمی کوردستان 50% دابەزی و بەو هۆیەوە جووتیارانی قەزای پێنجوێن لە پارێزگای سلێمانی گردبوونەوە. سەرۆکی سەندیکای عەلوەی سلێمانی دەڵێ، تەماتەی کوردستان کیلۆی 300 دینارە.
ئەمڕۆ دووشەممە بەشێکی جووتیارانی سنووری قەزای پێنجوێن لە پارێزگای سلێمانی گردبوونەوە و بۆ ماوەیەک رێگەی نێوان ناحیەی گەرمک و پێنجوێنیان داخست.
سەروەر عەلی، سەرۆکی سەندیکای عەلوەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "جووتیاران داوا دەکەن بازرگانانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق لەبری هاوردەکردنی تەماتەی ئێران، تەماتەی هەرێمی کوردستان بکڕن، کە ئێستا نایکڕن و بەو هۆیەوە نرخ زۆر دابەزیوە."
سەرەتای ئەم مانگە کیلۆیەک تەماتەی نێوخۆ لە عەلوە بە کۆ 600 بۆ 700 دینار بوو. سەرۆکی سەندیکای عەلوەی سلێمانی دەڵێ: "ئەمڕۆ کیلۆیەک تەماتەی جوانی کوردستان بە 300 دینارە."
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان هاوردەکردنی تەماتەی قەدەخە کردووە. جووتیاران داوا دەکەن، هاوردەکردنی تەماتە بۆ نێوەڕاست و خوارووی عێراقیش قەدەخە بکرێ و ئەوانیش تەماتەی هەرێمی کوردستان بکڕن.
سەرۆکی سەندیکای عەلوەی سلێمانی گوتی: "تەماتە زۆر زۆرە و ئەوەش بووەتە هۆکاری دابەزینی نرخەکەی و نیگەرانیی جووتیاران."


.jpg&w=3840&q=75)
