رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی کۆتایی مانگی ئابی وەک دوایین وادە داناوە، تاوەکو مووچەخۆران فۆڕمی هەژماری من پڕ بکەنەوە. سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتی دارایی رایگەیاند، تاوەکو ئێستا نزیکەی 230 هەزار مووچەخۆر فۆرمەکەیان پڕنەکردووەتەوە و مەترسی راگرتنی مووچەکانیان هەیە.
رۆژی پێنجشەممە، 09ـی تەممووزی 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 1 ملیۆن و 200 هەزار مووچەخۆر هەن، لەو ژمارەیە زیاتر لە 970 هەزاریان فۆرمی هەژماری منیان پڕکردووەتەوە؛ هەروەها 800 هەزاریان کارتی هەژماری منیان وەرگرتووەتەوە."
بەپێی ئەو ئامارە بێت، تاوەکو ئێستا نزیکەی 230 هەزار مووچەخۆر فۆرمیان پڕنەکردووەتەوە و 400 هەزار مووچەخۆریش کارتی بانکییان وەرنەگرتووەتەوە.
سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی باسی لەوەکرد، کە پڕۆسەکە بەردەوامە و پێویستە ئەو کەسانەی نامەیان بۆ گەڕاوەتەوە، بە زووترین کات کارتەکانیان وەربگرنەوە و گوتی: "ئەوانەی کارتەکانیان تەواو بووە، زۆربەیان خانەنشین، کەسوکاری شەهیدان و کاروباری کۆمەڵایەتین؛ چونکە دوایین کات کۆتایی مانگی داهاتووە."
بە گوێرەی داتاکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، یەک ملیۆن و 190 هەزار و 391 مووچەخۆر لە هەرێمی کوردستان هەن، کە مانگانە پێویستیان بە 945 ملیار و 817 ملیۆن دینار هەیە.
مەترسیی بڕینی مووچە لەلایەن بەغدا
بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری کە لە 23-06-2026 بڵاوکراوەتەوە و واژۆی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی لەسەرە، لە دوایین کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵدا بڕیار لەبارەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران دراوە.
لە نووسراوەکەی وەزارەتی داراییدا هۆشداریی تووند دراوە و هاتووە: "بەپێی بڕیاری حکومەتی فیدراڵ، هەر فەرمانبەر و مووچەخۆرێک تاوەکو رێکەوتی 31-08-2026 ناوی تۆمارنەکرابێت و کارتی بانکی وەرنەگرتبێتەوە، شایستە داراییەکانی لەلایەن بەغداوە رادەگیرێت و رەوانەی هەرێمی کوردستان ناکرێت."
پڕۆژەی (هەژماری من) لە ساڵی 2023 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندرا بۆ مۆدێرنکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکان و بەهێزکردنی گشتگیری دارایی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.


