رووداو دیجیتاڵ
لە شاری هەولێر، جۆرێک سیمکارتی کۆڕەک تیلیکۆم کە بە کۆدی (445) دەناسرێ بە نرخێکی زۆر بەرز دەفرۆشرێت. کاسبکارێکی فرۆشتنی سیمکارت دەڵێ، "سیمکارت فرۆشراوە بە 19 دەفتەر و نیو (195 هەزار دۆلار)".
کۆدی 445 یەکەم ژمارەی سیمکارتی کۆڕەکە تیلیکۆمە، کە دوای دامەزراندنی کۆمپانیاکە لە ساڵی 2000 لە شاری هەولێر دابەش کرا.
بەختەوەر جەعفەر، خاوەنی جیهانی بەختەوەری، کە کاریان فرۆشتنی سیمکارتە، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کۆدی 445 خواستی زۆری لەسەرە و ژمارەشی کەمە، بۆیە بە گوێرەی ژمارەکان نرخەکەی دەگۆڕێت، لە 75 وەرەقەوە دەستپێدەکات تاوەکو دەگاتە 19 دەفتەر و نیو (195 هەزار دۆلار) کە لە هەولێر فرۆشراوە".
ئەو کاسبکارە گوتی: "نرخەکان بەگوێرەی جوانیی و رێکی ژمارەکان دەستپێدەکات، ئێستا بازاڕیش لاوازە، ئەگەرنا پێشتر سیمکارتی ژمارە جوان تاوەکو 32 دەفتەر دۆلار (320 هەزار دۆلار) لە هەولێر فرۆشراوە".
بەختەوەر جەعفەر گوتی: "کۆدی 445 خۆی هەمووی 10 هەزار سیمکارت بووە؛ نزیکەی 9 هەزاری لای خەڵکی دەوڵەمەندە و نایفرۆشێ، ئەوەی کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێ هەزار سیمکارتە، خەڵکیش هەیە پارەی هەیە و پێی خۆشە ژمارەکەی تایبەت بێت و پارەی پێ دەدات".
ئەو کاسبکارە دەڵێ، لە هەبوونی ئینتەرنێت و تێچووی پەیوەندیکردندا، کۆدی ژمارە 445 و ئەوانەی ئەمڕۆ بە نرخی چەند هەزار دینارێک دەفرۆشرێن هیچ جیاوازییەکیان نییە.
بەختەوەر جەعفەر چەند سیمکارتێکی نمایشک کردووە بۆ فرۆشتن، کە کۆدیان 445 و نرخیان جیاوازە و بەمشێوەیەیە: "یەکێکیان 470 وەرەقەیە (47 هەزار دۆلار)، یەکێک 430 وەرەقە، یەکێک 220 وەرەقە و یەکێکیشیان 185 وەرەقەیە".


