رووداو دیجیتاڵ
دوای چەند مانگێک لە راگیرانی بەهۆی مەترسییەکانی جەنگ و رێکارە تووندەکانی واشنتن بۆ رێگری لە گەندەڵی و بەقاچاخبردن، دۆلاری کاش لە ئەمریکاوە گەیشتە بەغدا؛ بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت تاوەکو ئێستا یەک ملیار دۆلار گەیشتووە. راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانیش پێشبینی بەرزبوونەوەی بەهای دینار دەکات.
حەیدەر غازی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بانکی ناوەندیی عێراق، رۆژی شەممە 11ی تەمووزی 2026 بە رووداوی راگەیاند: "ئەو پارەیەی ئەمریکا بڕیاری ناردنی دابووەوە بۆ عێراق تاوەکو ئێستا دوو کاروانی گەیشتووەتە دەستمان، بۆ هەر کاروانێکیش کە پێویستیی عێراقە 500 ملیۆن دۆلار هاتووە."
بەڕێوەبەری راگەیاندنی بانکی ناوەندیی عێراق راشیگەیاند: "پێشتر بەهۆی جەنگەوە ناردنی دۆلار لە ئەمریکاوە راگیرابوو، جگە لەوەش پرسی سەلامەتیی گەیشتنی پارەکان هەبوو، چونکە گەشتی مرۆڤ و گەشتی پارە جیاوازن؛ گەشتی فڕۆکەوانیی پارە تێچووەکەی زیاترە، بگرە تێچووی کۆمپانیاکان لە کاتی جەنگ زۆر زۆر بوو، بۆیە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی خۆیان رەتیاندەکردەوە پارە بگوازنەوە."
تۆڕی میدیایی رووداو زانیویەتی، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەگەڵ بانکی ناوەندیی عێراق و لقی بانکی یەدەگی فیدڕالی لە نیویۆرک لە پەیوەندیی بەردەوام دایە لە بارەی ئەو کێشانەی پەیوەندییان بە گەندەڵی و بەقاچاخبردنی دۆلاری ئەمریکییەوە هەیە، کە پێشتر بۆ ماوەی چەند مانگێک بوونە هۆی وەستانی ناردنی دراوەکە.
رووداو هەروەها زانیویەتی، چەندین فاکتەر کاریگەرییان لەسەر ناردن یان نەناردنی دۆلار لە یەدەگی فیدڕالیی ئەمریکاوە بۆ عێراق هەیە، لەوانە: دۆخیی ئەمنی، مامەڵەی دارایی نایاسایی و بەقاچاخبردنی دۆلاری ئەمریکی بۆ ئەو وڵاتانەی کە واشنتن سزای بەسەردا سەپاندوون.
سەبارەت بە کاریگەریی ئەم هەنگاوە لەسەر بازاڕ، موزهر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە رووداوی گوت: "کۆمەڵێک هۆکار هەن؛ هەر کاتێک نرخی دۆلار لە بازاڕدا نیشانەی دابەزین بدات، ئەوە بەو مانایەیە کە زیادەیەکی رێژەیی لە خستنەڕووی دۆلاردا هەیە کە سەرچاوەکەی ئەو دۆلارانەیە کە لای هاوڵاتییانەوە دەڕژێنە ناو بازاڕ، ئەمەش دەبێتە شەپۆلێکی زیادەی خستنەڕووی دۆلار لە بازاڕی ئاڵوگۆڕدا، ئەم زیادەیەش دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی ئاڵوگۆڕ لە بەرژەوەندیی دینار و بەهاکەی بەرزدەبێتەوە."
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە هەڤپەیڤینێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، دواکەوتنی گەیشتنی پارەی کاشی دۆلار پەیوەندیی بە دۆخی ناوچەکە و گەشتە ئاسمانییەکانەوە هەبووە، بەڵام ئێستا دۆخەکە ئاسایی بووەتەوە و بەپێی خشتەی کاتی پارەکە دەگات.
پێشتر و لە رۆژی پێنجشەممە 2ی تەممووزی 2026، دوو یاریدەدەری عەلی فالح زەیدی بە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکییان راگەیاندبوو کە کاروانی ناردنی دۆلار لە ئەمریکاوە بۆ بەغدا دەستی پێکردووەتەوە. حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی سەرۆکوەزیران گوتی، "ناردنی کاروانەکانی دۆلار بۆ عێراق دەستی پێکردووەتەوە و کێشەکە چارەسەر کراوە." هەر ئەو کات موزهر محەممەد ساڵح دەستپێکردنەوەی گواستنەوەی پارەکەی پشتڕاستکردبووەوە.
ئەم کێشەیە دوای ئەوە هات کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا، گواستنەوەی پارەی نەختینەی دۆلاری بۆ عێراق راگرت و پارەی فرۆشی نەوتی عێراقیشی لە بانکی فیدراڵیی نیویۆرک هێشتەوە.
بەرپرسانی عێراقی لەو کاتەدا ئاماژەیان بەوە کردبوو کە واشنتن هاوکاری و هاوئاهەنگییە داراییەکانی لەگەڵ دەزگە ئەمنییەکانی عێراقدا هەڵپەساردووە.
ئەو رێکارانەی ئەمریکا لە کاتێکدا گیرابوونەبەر کە عێراق لە پرۆسەی دەستنیشانکردنی سەرۆکوەزیرانێکی نوێدا بوو و ئەمریکاش هەوڵیدەدا رێگری لەو بەربژێرانە بکات کە وەک لایەنگری ئێران دەبینران. واشنتن داوای لە بەغدا دەکرد کۆنترۆڵی تەواوی ئەو گرووپانە بکات کە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەتدا دەجووڵێنەوە و هێرش دەکەنە سەر ئامانجەکانی ئەمریکا.
چەند ساڵێک لەمەوبەر، بەپێی رێسای نوێی بانکی نێودەوڵەتی لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی نێوان ئەمریکا و عێراقدا، شەفافییەتی زیاتر بۆ گواستنەوەی حەواڵەکانی دۆلار دیاریکرا کە لە هەژمارێکی بانکی فیدراڵیی ئەمریکا لە نیویۆرک پارێزراون. ئامانجی ئەم رێکارانە رێگریکردن بوو لە دزەکردنی نایاسایی دۆلار بۆ لایەنە نایاساییەکان، سپیکەرانی پارە و ئەو لایەنانەی یارمەتیی گرووپە چەکدارەکان لە وڵاتانی دراوسێ، لەنێویاندا ئێران، دەدەن.
وابڕیاریشە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی رۆژی دووشەممە، 13ـی تەممووز بگاتە واشنتن و پرسی ئابووری و وەبەرهێنان لە پێشینەی کارەکانی بێت.



