رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە، یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکان لەم هەفتەیەدا، نرخی نەوت بەڕێژەی زیاتر لە 4٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی. بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەهۆی هێرشە نوێیەکانی ئێران و ئەمریکا دێت کە مەترسی بۆ گواستنەوەی وزە لە کەنداو دروستکردووە.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور ئەمڕۆ زیاتر لە 4٪ یان 3 دۆلار و 10 سەنت بەرزبووەوە و بەرمیلێکی بە 79 دۆلار و 11 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا بەڕێژەی 4.11٪ یان 2 دۆلار و 95 سەنت بەرزبووەوە و بە 74 دۆلار و 36 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، کۆتاییان بە شەپۆلێکی نوێی هێرش بۆ سەر ئێران هێنا و دەیان ئامانجیان بە چەکی ورد پێکاوە.
سوپای پاسدارنیش رایگەیاند، پێگە سەربازییەکانی ئەمریکای لە کوێت و بەحرەین کردووەتە ئامانج.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، تەنگەی هورمز کراوەیە، بەڵام ئێران رایگەیاندووە تەنگەکە داخراوە بەڕووی ئەو کەشتییانەی بەبێ مۆڵەت هەوڵی تێپەڕین دەدەن.
داتاکانی کۆمپانیای کێپلەر تایبەت بە جووڵەی دەریایی ئاشکرایان کردووە، رۆژی یەکشەممە تەنیا 6 کەشتی بە تەنگەی هورمز تێپەڕیون کە کەمترین ژمارە بووە لە ماوەی پێنج هەفتەی رابردوودا.
تووندبوونەوەی گرژییەکان، گومانی دروستکردووە لە جێبەجێکردنی رێککەوتنامەی نێوان ئێران و ئەمریکا بۆ کۆتایێهێنان بە جەنگ.
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە رایگەیاند، دوای رێککەوتنەکە، قەبارەی هەناردەکردنی نەوت لەڕێگەی تەنگەی هورمزەوە لە مانگی رابردوودا گەیشتووەتە 4.1 ملیۆن بەرمیل کە هێشتا 9.4 ملیۆن بەرمیل کەمترە لە کاتی پێش جەنگ.
بانکی ئەی ئێن زێد لەو بارەیەوە رایگەیاند، "لە دوای پەرەسەندنی گرژییە نوێیەکان، هیواکان بۆ کۆتاییهاتنی پێکدادانەکان خەریکن کاڵ دەبنەوە."
تۆنی سایکامۆر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (IG) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "بازاڕ پێکدادانە نوێیەکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانی بە گرنگ وەرگرتووە و هەستێک لەنێو بازاڕدا هەیە کە ئاگربەستە لەرزۆکەکەی نێوانیان لە کۆتاییدا سەر نەگرێت."

.webp&w=3840&q=75)

