رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە نرخی زێڕ دابەزی، ئەمەش دوای ئەوەی هێرشە نوێیەکانی ئەمریکا و ئێران لە بەرەبەیانی ئەمڕۆدا بوونە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.
ئەم پێشهاتانە نیگەرانییەکانی زیاتر کردووە کە شۆکێکی نوێی هەڵاوسان رەنگە ببێتە هۆی ئەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەسەر سیاسەتی تووندی نەختی بەردەوام بێت.
ئەمڕۆ لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا لە یەکەم رۆژی مامەڵەکانی ئەم هەفتەیەدا، نرخی زێڕ بە رێژەی 1.3% دابەزی و گەیشتە 4,060 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک.
هەرچەندە ئێران رایگەیاندووە تەنگەی هومرز تاوەکو کاتێکی نادیار بە داخراوی دەمێنێتەوە، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن تەنگەکە کراوەیە.
نرخی نەوت ئەمڕۆ دووشەممە بەڕێژەی زیاتر لە 4٪ بەرزبووەوە و ئەوەش نیگەرانی دروستکردووە لەسەر دووبارە سەرهەڵدانەوە و بەرزبوونەوەی هەڵاوسان.
کۆنووسی کۆبوونەوەی مانگی حوزەیرانی بانکی ناوەندی کە هەفتەی رابردوو بڵاوکرایەوە، ئاشکرای کرد چەندین بڕیاربەدەستی بانکەکە پێیان وایە هۆکاری پێویست هەیە بۆ بەرزکردنەوەی رێژەی سوود. بەرپرسانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بە گشتی نیگەرانیی زۆریان لەبارەی گوشارەکانی هەڵاوسان دەربڕیوە. کۆبوونەوەی داهاتووی بانکی ناوەندی بۆ رۆژانی 28-29ی تەممووز دیاری کراوە.
وەبەرهێنەران ئێستا چاوەڕێی بڵاوبوونەوەی راپۆرتی نرخەکانی بەکاربەرن لە ئەمریکا. بازرگانانی زێڕ هەروەها چاویان لە لێدوانەکانی کێڤن وارش، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکایە کە بڕیارە لە کۆنگرێس ئامادە بێت.
بەپێی گوتەی تۆنی سایکامۆر، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (IG)، زێڕ هێشتا زۆر هەستیارە بەرامبەر بە پێشهاتە جیۆ سیاسییەکان و داتاکانی هەڵاوسانی ئەمریکا. دەشڵێت، نرخی زێڕ هەفتەی رابردوو خاڵێکی پاڵپشتی لە نزیک ئاستی 4,000 دۆلار دۆزیوەتەوە و، بەرزبوونەوەی بەردەوامی بۆ نزیک ئاستی 4,200 بۆ 4,220 دۆلار دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی خێرای نرخی زێڕ بەرەو ئاستی 4,491 دۆلار.
سەرەڕای ئەوەش، ئەو شرۆڤەکارە هۆشداریدا لەسەر ئەوەی ئەگەر داتاکانی هەڵاوسان ئاماژە بە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکان بدەن، گوشارەکانی سەر نرخی زێڕ بەردەوام دەبن.
ئامارەکانی هەڵاوسان و نرخەکانی بەرکاربەر لە ئەمریکا سبەی سێشەممە، بڵاودەبنەوە.
هەر لە رۆژی سێشەممە سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە بەردەم کۆنگرێس ئامادە دەبێت و روونکردنەوە لەسەر سیاسەتی بانکەکە دەداتە نوێنەرانی ئەمریکا.

.webp&w=3840&q=75)

