رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی عێراق چەند بڕیارێکی نوێی لەبارەی راکێشانی دۆلاری نەخت و حەواڵە دەرەکییەکان دەرکرد. بەپێی رێنماییەکان، هاووڵاتییان دەتوانن دۆلاری ناو هەژمارەکانیان و سوودەکانی بە نەخت وەربگرنەوە.
بەگوێرەی نووسراوێکی بانکی ناوەندیی عێراق، کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە و واژۆی نزار ناسر حوسێن، پارێزگاری بانکی ناوەندی بە وەکالەتی لەسەرە، چەند رێکارێکی نوێی بۆ هەموو بانکەکان دەرکرد.
ئەم بڕیارانە لە چوارچێوەی سیاسەتی نەختینەیی و بەهێزکردنی متمانە بە دیناری عێراقی و کەمکردنەوەی مامەڵەی نەخت دەرکراون.
رێنماییە نوێیەکان بریتین لە:
- بانکەکان بەردەوام دەبن لە کردنەوەی هەژمار بۆ کڕیاران بە دراوە بیانییەکان و دانانی سوود بۆیان. کڕیار مافی ئەوەی هەیە ئەو پارەیەی دایناوە لەگەڵ سوودەکانی بە هەمان ئەو دراوە (دۆلار) بە نەخت وەربگرێتەوە.
- رێگە بە بانکەکان دەدرێت حەواڵە هاتووەکانی دەرەوەی عێراق بە دۆلاری نەخت بدەنە کڕیارەکانیان، ئەمەش لە رێگەی سەرچاوەکانی بانکەکە و بەپێی رێککەوتنی نێوان بانک و کڕیار. هەروەها دەتوانرێت پارەکە بخرێتە سەر کارتە بانکییەکان بۆ ئەوەی لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق بەکاربهێندرێت.
- بانکی ناوەندی تەنیا لە دوو حاڵەتدا دۆلاری نەخت بۆ بانکەکان دابین دەکات بۆ حەواڵە هاتووەکان:
یەکەم: ئەو گرێبەستە حکومییانەی کە لەرێگەی بەخشین یان قەرزی دەرەکییەوە دابین دەکرێن و وەزارەتی پلاندانان پشتڕاستی دەکاتەوە کە دەبێت بە دۆلاری نەخت لە ناو عێراقدا بدرێن.
دووەم: رێژەی 40%ـی ئەو حەواڵانەی کە بۆ هەناردەکارانی عێراقی دێن لە بەرامبەر هەناردەکردنی کاڵاکانیان بۆ دەرەوە.
بانکی ناوەندی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، کارکردن بە گشتاندنی پێشوویان (ژمارە 8587) کە لە کۆتایی ساڵی 2023 دەرچووبوو، رادەگیرێت.
ئەم بڕیارانەی بانکی ناوەندیی عێراق لە رۆژی چوارشەممە، 15ی تەممووزی 2026ـەوە دەچنە واری جێبەجێکردنەوە.



.webp&w=3840&q=75)