رووداو دیجیتاڵ
ئێستا رۆژانە نزیکەی 25 ملیۆن مەتر سێجا گازی ئێرانی دەگاتە عێراق و بڕی گازەکە بۆ نیوە کەمبووەتەوە. عێراق دوو ملیار دۆلاری پارەی گازی ئێرانیش قەرزدارە.
ئەحمەد موسا عەبادی، گوتەبێژی پێشووی وەزارەتی کارەبا و شارەزای بواری وزە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، عێراق گرێبەستێکی لەگەڵ ئێران کردووە، کە رۆژانە 50 ملیۆن مەتر سێجا گازی پێ بفرۆشێت، کە ئەو بڕە گازە 30٪ی کارەبای عێراقی پێ بەرهەمدەهێندرێت. بەڵام ئێستا ئێران کەمتر لەو بڕە دەنێرێت".
گوتەبێژی پێشووی وەزارەتی کارەبا گوتی: "تەنیا ئێستا 25 ملیۆن مەتر سێجا گازی ئێرانی دەگات کە سووتەمەنی بۆ بەشێک لە وێستگەکانی کارەبا دابین دەکات.20 ملیۆن مەترسێجا بۆ ناوەڕاست و پێنجەکەی دیکە بۆ باشووری عێراق".
ماوەیەکە پێنج ملیۆن مەتر گازی ئێرانی بۆ عێراق زیادی کردووە، ئەگەرنا پێشتر 20 مەترسێجا بووە. بەگوتەی ئەحمەد موسا عەبادی، "ئێستا عێراق لە کڕینی گازدا، دوو ملیار دۆلار قەرزاری ئێرانە، کە بەهۆی سزاکانی سەر ئێران ناتوانێت ئەو قەرزە بداتەوە".
ئێران پێشتر لە رێگەی چوار هێڵەوە کارەبای دەدایە عێراق کە بڕەکەی 1000 بۆ 1200 مێگاوات بوو، بەڵام ئەحمەد عەبادی گوتی: "زیاتر لە ساڵێکە ئەو چوار هێڵە بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە بۆ سەر ئێران وەستاون".
لەساڵی 2018وە ئەمریکا، داوا لە حکومەتی عێراق دەکات هەوڵبدەن کەمتر پشت بە بە گاز و کارەبای ئێران ببەستن. لە ساڵی 2018ـەوە، ئەمریکا دەیان جار لێخۆشبوونی لە سزاکان بۆ عێراق نوێکردووەتەوە، تاوەکو بتوانێت وزەی ئێران بکڕێت.



