رووداو دیجیتاڵ
عێراق بۆ ئامادەکردنی توێژینەوەی تەکنیکی و هێڵکاریی پڕۆژەی بۆریی نەوتی عێراق-بانیاس، رێککەوتنی بەرایی و لێکتێگەیشتنێک لەگەڵ هاوبەشی ئەمریکی-قەتەری واژۆ دەکات، بەگوتەى وەزارەتى نەوت پابەندبوونى لایەنى دارایی و گرێبەستى ناکەوێتە سەرشانیان.
سەلیم رووکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "وەزارەتەکەی دەستی کردووە بە پلانی فرەچەشنکردنی دەروازەکانی هەناردەی نەوت، کە پڕۆژەی راکێشانی بۆریی گواستنەوەی نەوت بۆ بەندەری بانیاسی سووریا یەکێکە لەو بژارانەی کە وەزارەتی نەوت تاوتوێی دەکات."
دۆخی ئاڵۆزی سەربازی لە کەنداو لە نێوان ئەمریکا و ئێران وایکردووە کێشە بۆ هاتووچۆی دەریایی لە تەنگەی هورمز دروست بێت، کە سەرچاوەی هەناردەی نزیکەی 90%ی نەوتی عێراقە.
سەلیم رووکابی رایگەیاند: "لەسەر بنەمای بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، رێککەوتنی پڕەنسیپە بەراییەکان لەگەڵ لێکتێگەیشتن بۆ بەنهێنی هێشتنەوەی زانیارییەکان لەگەڵ هاوبەشی ئەمریکی- قەتەری واژۆ دەکرێت، بە ئامانجی ئامادەکردنی توێژینەوەی تەکنیکی و هێڵکاریی تایبەت بە پڕۆژەی بۆریی نەوتی بانیاس.
ئەو گرێبەستە بەگوێرەی بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە کە لە 5ی تەممووز دراوە، بۆ ئەوەى نەوتى عێراق لە رێگەى سووریاوە بگەیێنرێتە دەریاى سپى نێوەڕاست.
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، ئەو رێککەوتنە بەراییە و لێکتێگەیشتنەی واژۆ دەکرێت، هیچ پابەندییەکی دارایی یان گرێبەستی لەسەر وەزارەتی نەوت نابێت و تەنیا لە چوارچێوەی ئامادەکردنی توێژینەوەی تەکنیکی دەبێت بۆ پڕۆژەکە.
ئێستا عێراق نەوتی رەش بە تانکەر لە رێگەی سووریاوە هەناردە دەکات کە رۆژانە لە نێوان 350 بۆ 400 تانکەر لەو سووتەمەنییە هەناردە دەکرێت.




