رووداو دیجیتاڵ
5.2%ی دانیشتووانی عێراق خانەنشینن کە 11 ئەوەندەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستانن، 10%ی دانیشتووانی عێراق فەرمانبەرن کە بە گوتەی ئەندامێکی لیژنەی دارایی، پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی تێپەڕاندووە.
ئەو ژمارانە بەشێکن لە چەند ئامارێک، کە لە هەردوو وەزارەتی دارایی عێراق و دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لەبارەی ژمارەی فەرمانبەران و خانەنشینان دەستکەوتوون.
5%ی عێراقییەکان خانەنشینن
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی رووداو دەستیکەوتوون، زیاتر لە 2.7 ملیۆن خانەنشین لە عێراق هەن (سەربازی و مەدەنی) ئەوانەی کە مووچەی خانەنشینی لە عێراق وەردەگرن، 5.2%ی تێکڕای ژمارەی دانیشتووانی عێراقن جگە لە هەرێمی کوردستان. تێکڕای ئەو پارانەی کە مانگانە بۆ خانەنشینان خەرج دەکرێت، زیاتر لە 1.4 ترلیۆن دینارە.
ئامارێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە دەست رووداو کەوتووە، ژمارەی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 245 هەزار کەسە و مووچەی مانگانەیان 119 ملیار و 79 ملیۆن دینارە.
ئەو کەسانەی کە مووچەی خانەنشینی وەردەگرن لە هەرێمی کوردستان، 4%ی تێکڕای ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانن. بە بەراوردکردنی ژمارەکان دەرکەوتووە کە خانەنشینانی عێراق 11 ئەوەندەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستانن و بڕی ئەو پارەیەی وەریدەگرن نزیکەی 12 ئەوەندەی ئەو پارەیەیە کە خانەنشینانی هەرێمی کوردستان وەریدەگرن.
عێراق چوار ئەوەندەی هەرێمی کوردستان فەرمانبەری هەیە
بەگوێرەی داتایەک کە رووداو دەستیکەوتووە، ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی کە مووچە وەردەگرن مانگانە زیاتر لە چوار ملیۆن و 79 هەزار کەسن.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ئەو چوار ملیۆنە جگە لەو خانەنشین و ئەوانەیە، کە هاوکاریی تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتی و یارمەتییان وەردەگرن.
ژمارەی فەرمانبەرانی عێراق 10%ی تێکڕای دانیشتووانەکەیەتی جگە لە هەرێمی کوردستان، ژمارەی فەرمانبەرانی عێراق چوار ئەوەندەی ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە.
ژمارەی مووچەخۆران لە هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 114 هەزار کەسن کە 869 هەزار و 90 کەسیان فەرمانبەرن، بەو پێیەی 14.4%ی تێکڕای ژمارەی دانیشتووانەکەیەتی.
بە گوتەی جەمال کۆچەر، ژمارەی فەرمانبەران لە عێراق لە سەرووی پێوەرە جیهانییەکانەوەیە و تێیپەڕاندووە، کە دەبێت بۆ کەرتی سەربازی بۆ هەر هەزار کەسێک یەک مووچەخۆری فەرمیی سەربازی هەبێت و بۆ هەر 100 کەسێکیش یەک فەرمانبەری مەدەنی هەبێت.




