رووداو دیجیتاڵ
ئامادەکارییەکان بۆ کردنەوەی بانکی نیشتمان بەردەوامە و پێشبینی دەکرێ ناوەڕاستی مانگی ئاب بکرێتەوە. ئەندامێکی دەستەی کارگێڕیی بانکی نیشتمان دەڵێ: "هەر خزمەتگوزارییەکی بانکی کە لە بانکە جیهانییەکان هەیە لە بانکی نیشتمانیش بەردەست دەبێت."
بڵند محەممەد، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی بانکی نیشتمان، ئەمڕۆ سێشەممە 14ـی تەممووزی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بانکەکە خاوەنی پشکی گشتییە لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و دەبێتە یەکێک لە بانکە پێشکەوتووەکان."
بڵند محەممەد روونیکردەوە، دەستەی کارگێری و فەرمانبەرەکانی هەڵبژێردراوە و فەرمانبەرەکان ئێستا خولی راهێنان دەکەن.
سەبارەت بە خزمەتوگوزارییەکانی بانکەکە، ئەو ئەندامەی دەستەی کارگێڕیی بانکی نیشتمان گوتی: "یەکێک لە پڕۆژەکانمان هاندانی گەنجانە بۆ بازاڕی کار و پاڵپشتیی کردنی پڕۆژە بچووک و ناوەندەکان."
بڵند محەممەد ئاماژەی بە پێدانی قەرز کرد و گوتی: "لەگەڵ کردنەوەی بانکەکە دەست دەکەین بە پێدانی قەرز، لەوانە قەرزی هاوسەرگیری، ئۆتۆمبێل، کشتوکاڵی، پیشەسازی و چەندین جۆری دیکە." گوتیشی:"تاوەکو ئێستا مەرجەکانی پێدانی قەرز دیاری نەکراوە، بەڵام دەکرێ هاوشێوەی مەرجەکانی بانکی ناوەندی بێت."
سەبارەت بە کاتی کردنەوەی بانکەکە، بڵند محەممەد گوتی: "پێشبینی دەکرێ ناوەڕاستی مانگی ئاب بکرێتەوە"
ئۆفیسی سەرەکی بانکەکە لە شاری هەولێر دەبێت، ئەندامەکەی دەستەی کارگێڕیی بانکی نیشتمان گوتی: "لە ئایندەدا لقی بانکەکە لە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانیش دەکرێتەوە."
لە ساڵی 2023ـەوە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان کار لەسەر دامەزراندنی ئەو بانکە دەکات کە سەرمایەکەی زیاتر لە 250 ملیار دینارە و وەک بانکێکى حکومى مامەڵەى لەگەڵ دەکرێ.



