رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە، لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی نەوت بەرزبووەوە. ئەمەش دوای ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا شەپۆلێکی دیکەی هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران ئەنجامدا و واشنتنیش گەمارۆ دەریاییەکانی بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران لەنزیک تەنگەی هورمز دووبارە سەپاندەوە.
نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور ئەمڕۆ چوارشەممە بە رێژەی 1.23% بەرزبووەوە و گەیشتە 85.77 دۆلار. هەروەها نرخی بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا بە رێژەی 1.01% بەرزبووەوە و گەیشتە 80.14 دۆلار.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) درەنگانی شەوی سێشەممە رایگەیاند، شەپۆلێکی دیکەی هێرشیان بۆ سەر ئێران ئەنجامداوە و تێیدا دەیان دامەزراوە و پێگەی سەربازییان لەنزیک تەنگەی هورمز بە درێژایی کەناراوەکانی ئێران کردووەتە ئامانج، لە پرۆسەیەکدا کە 7 کاژێری خایاندووە.
سێنتکۆم ئاماژەی بەوەش کردووە، هێرشەکان کە فڕۆکەی جەنگی، درۆن و کەشتیی جەنگیی تێدا بەشدار بووە، بنکەکانی مووشەک و درۆن و دامەزراوە دەریاییەکان و سیستمەکانی بەرگریی کەناراوەکانیان پێکاوە، ئەمەش بە مەبەستی لاوازکردنی زیاتری توانا سەربازییەکانی ئێران بۆ هەڕەشەکردن لە کەشتیوانیی بازرگانی.
ئەم ئۆپەراسیۆنە کاتێک دەستی پێکرد کە هێزەکانی ئەمریکا لە سەرەتای هەمان رۆژدا گەمارۆیەکی دەریاییان بەسەر ئەو کەشتییانەدا سەپاندەوە کە هاتووچۆ بۆ بەندەرەکانی ئێران دەکەن.
لە راگەیێندراوێکی دواتریدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم رایگەیاند، ئێران بە ئەنقەست هاووڵاتییانی مەدەنیی کردووەتە ئامانج و لە هەفتەی رابردوودا هێرشی کردووەتە سەر 7 کەشتیی بازرگانی، کە بەهۆیەوە نزیکەی 12 ئەندامی تیمی کەشتیوانەکان کوژراون یان بێسەروشوێن و بریندار بوون.
سۆڵ کاڤۆنیک، گەورە شارەزای بازاڕی وزە سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (ئێم ئێس تی مارکیو - Mst Marquee) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "دوایین پەرەسەندنی گرژییەکان ئەوە نیشان دەدەن کە پێشبینییەکان بۆ کردنەوەی خێرای تەنگەی هورمز هەڵە بوون."
ناوبراو هەروەها رایگەیاند، "کردەوە سەربازییەکان و دووبارە سەپاندنەوەی گەمارۆکان، جەنگەکەی ئاڵۆزتر کردووە. ئەگەر چڕیی ئێستای پێکدادانەکان بۆ چەند هەفتەیەک بەردەوام بێت، لەوانەیە نرخی نەوت دووبارە بگاتەوە 100 دۆلار، یان زیاتریش بەرزبێتەوە ئەگەر ژێرخانی نەوتی ناوچەکە بکرێتە ئامانج."
.jpg&w=3840&q=75)



