رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی زێڕ دابەزی. ئەمەش لە کاتێکدایە نرخی کانزای زەرد رۆژی رابردوو زیاتر لە 2% بەرزبووەوە.
بەرزبوونەوەی ئەمڕۆی نرخی نەوت نیگەرانییەکانی سەبارەت بە هەڵاوسان و رێژەی سوودی بانکی لە ئەمریکا زیاد کردووە، کە زیان لە نرخی زێڕ دەدات.
نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ ئەمڕۆ بە رێژەی 0.5% دابەزی و گەیشتە 4,035 دۆلار. نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ رادەستکردنی لە مانگی ئاب بە رێژەی 0.7% دابەزی بۆ 4,042 دۆلار.
رۆژی سێشەممە زێڕ بە رێژەی زیاتر لە 2% بەرزبووەوە و گەیشتە 4,100 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک، ئەمەش دوای ئەوەی داتاکان نیشانیاندا کە نرخەکانی بەکاربەر لە ئەمریکا لە مانگی حوزەیراندا زیاتر لەوەی چاوەڕوان دەکرا خاو بووەتەوە.
نرخی نەوت بۆ سێیەم رۆژی یەک لە دوای یەک بەرزبووەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گەمارۆی دەریایی بەسەر هەموو بەندەرەکانی ئێران دا گەڕاندەوە و هەڕەشەی ئەوەی کرد هەفتەی داهاتوو وێستگەکانی کارەبا و پردەکانی ئێران دەکاتە ئامانج، مەگەر تاران بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ.
کیڵڤین وۆنگ، شارەزای بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای ئواندا لەو بارەیەوە رایگەیاند، "پێموایە ئێستا داتاکانی پەیوەست بە نرخەکانی بەکاربەری هەرس کردووە و گەڕاوەتەوە بۆ پێشهاتە جیۆسیاسییەکانی پەیوەست بە دۆخی نێوان ئێران و ئەمریکا."
وۆنگ دەڵێت، "ترەمپ بەردەوامە لە گەمارۆی ئەو کەشتییانەی لە تەنگەی هورمزەوە تێدەپەڕن، ئەوەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و دابەزینی نرخی زێڕ."
بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاو دەبێتە هۆی زیادبوونی نیگەرانییەکان دەربارەی هەڵاوسان و مانەوەی رێژەی سوود بە بەرزی بۆ ماوەیەکی درێژتر؛ هەرچەندە زێڕ بە شێوەیەکی نەریتی وەک ئامرازێکی پاراستن لە بەرامبەر هەڵاوسان دەبیندرێت، بەڵام لە ژینگەیەکدا کە رێژەی سوود تێیدا بەرز بێت، ئەو تایبەتمەندییەی لەدەستدەدات.
پێشبینی دەکرێت پێنوێنی نرخەکانی بەرهەمهێنەر (PPI)، کە نرخەکانی کۆفرۆشی لە مانگی رابردوو دەردەخات و ئەمڕۆ بڵاودەبێتەوە کاریگەریی لەسەر نرخی زێڕ دروستبکات.


.jpg&w=3840&q=75)

