رووداو دیجیتاڵ
وەزیری نەوتی عێراق دەڵێ، ئامانجیان لە کۆبوونەوەکانی واشنتن بەستنی هاوبەشیی درێژخایەنە لەگەڵ گەورە کۆمپانیاکانی جیهان بۆ پەرەپێدانی پیشەسازیی نەوت و گاز و کۆتاییهێنان بە سووتاندنی گاز.
رۆژی هەینی 17ی تەممووزی 2026 باسم محەممەد خزەیر، وەزیری نەوتی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە واشنتن رایگەیاند، "گرنگیی ئەم دیدارەی ئەمڕۆ لە واشنتن، بۆ بەستنی هاوبەشیی درێژخایەنە لەگەڵ گەورە کۆمپانیا جیهانییەکانی وەک شێڤرۆن، ئێکسۆن مۆبیل، هالیبێرتن، بی پی و کەی بی ئاڕ."
وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجی سەرەکیی ئەم هاوبەشییانە پەرەپێدانی پیشەسازیی نەوت و بەرزکردنەوەی تواناکانی بەرهەمهێنانە، جگە لەوەی حکومەت دەیەوێت لە رێگەی ئەم کۆمپانیایانەوە "کۆتایی بە دۆسیەی سووتانی گاز بهێنێت" و بەدوای سەرچاوەی نوێی گازی ئازاد و هاوەڵ دا بگەڕێت بۆ ئەوەی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا دابین بکرێت.
باسم محەممەد خزەیر باسی لەوەش کرد کە ئەم پڕۆژانە تەنیا رەهەندی ئابوورییان نییە، بەڵکو دەبنە هۆی رەخساندنی دەرفەتی کار بۆ دەرچووان و کادیرانی عێراقی و کاراکردنی کۆمپانیا ناوخۆییەکان. گوتیشی، "ئەم هەنگاوانە داهاتێکی دارایی گەورە بۆ عێراق دابین دەکەن، کە دواتر بۆ بنیاتنانی ژێرخان و پەرەپێدانی وڵات بەکاردەهێنرێت."
رۆژی 13ی تەممووز، عەلی فالح زەیدی بە سەرۆکایەتیی شاندێک گەیشتە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و رۆژى دواتر لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
عەلی زەیدی ئاماژە بەوە دەکات کە ئامانجی سەرەکیی سەردانەکەی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیی ئابوورییە لەگەڵ ئەمریکا دا.
عەلی جاف، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بەشدارە لەگەڵ ئەو شاندەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کە سەردانی ئەمریکای کردووە.


