رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەوڵەکان بۆ کۆکردنەوەی پارەی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست چڕکراونەتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش پێویستیان بە 25 ملیار دینارە تاوەکو مووچەی مامۆستایانی گرێبەستی خوێندنی باڵا و پەروەردە دابەش بکرێت.
رۆژی یەکشەممە، 19ـی تەممووزی 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆبوونەوە کراوە و دەست بە کۆکردنەوەی پارە کراوە تاوەکو لە زووترین کاتدا مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دابەش بکرێت، کە بڕیارە لە داهاتی ناوخۆ دابین بکرێت.
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، بۆ دابەشکردنی مووچەی مامۆستایانی گرێبەستی پەروەردە و خوێندنی باڵا پێویستیان "بە 25 ملیار دینارە". باسی لەوەشکرد:"دوای کۆکردنەوەی پارەکە، راستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی دەکرێت."
ئەم هەوڵانەی وەزارەتی دارایی لە کاتێکدایە، رۆژی 13-07-2026 لیستی مووچەی مانگی حوزەیران بڵاوکرایەوە و لە رۆژی 15-07-2026 دەست بە دابەشکردنی کرا؛ لە ماوەی سێ رۆژدا سەرجەم مووچەخۆران مووچەکانیان وەرگرت، بەڵام بەهۆی کورتهێنان لە داهاتدا، نەتوانرا مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دابەشبکرێت.
نزیکەی 70 هەزار فەرمانبەری گرێبەست لە هەرێمی کوردستان هەن، کە مانگانە وەزارەتی دارایی لەسەر داهاتی ناوخۆ مووچەکانیان دابین دەکات.


