رووداو دیجیتاڵ
وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دوو رۆژە لە سایلۆکان تەواو بووە، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی کوردستان دەڵێت: "وەرگرتنی گەنم لە کەرتی تایبەت دەستیپێکردووە؛ هەر تۆنێک بە 400 هەزار دینار وەردەگیرێت."
رۆژی دووشەممە، 20ـی تەممووزی 2026 بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای قەیوان و خۆشناو کۆبووینەوە ،لەسەر ئەوە هاوڕابوون کە نرخێک دیاری بکەن جووتیاران زەرەرمەند نەبن."
بە گوتەی بەرگەشت ئاکرەیی، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا کە یەک تۆن گەنم بە 400 هەزار دینار لە جووتیاران وەربگیرێت. گوتیشی: "بەڵام دەبێت بە هەمان ئەو تایبەتمەندییە بێت کە عێراق وەریدەگرت."
پار کەرتی تایبەت یەک تۆن گەنمی بە 450 بۆ 525 هەزار دینار بە گوێرەی تایبەتمەندی گەنمەکە وەردەگرت. بەرگەشت ئاکرەیی گوتی: "وەرگرتنی گەنم لە کەرتی تایبەت لە 19-07-2026 دەستیپێکرد تاوەکو 20ـی مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت."
پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە سایلۆ حکومییەکان 18ـی ئەم مانگە تەواو بوو.
بەگوێرەی حکومەتی عێراق، پشکی وەرگرتنی گەنم بۆ چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان (ناو پلان و دەرەوەی پلان) بەمشێوەیە بوو:
پارێزگای سلێمانی: 150 هەزار و 209 تۆن.
پارێزگای هەولێر: 122 هەزار و 680 تۆن.
پارێزگای دهۆک: 116 هەزار و 408 تۆن.
پارێزگای هەڵەبجە: 11 هەزار و 28 تۆن.
12ـی حوزەیرانی 2026، وەرگرتنی گەنم لە سایلۆکانی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و دواتریش لە سلێمانی و هەڵەبجە دەستیپێکرد.
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق بڕیاری دا 400 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، کە 292 هەزار تۆنی بە گەنمی نێو پلانی چاندن و و تۆنی بە 700 هەزار دینار بوو، زیاتر لە 108 هەزار تۆنیش لە دەرەوەی پلان بوو و تۆنی بە 500 هەزار دینار وەرگیرا.
ساڵی 2024 حکومەتی عێراق 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت، ساڵی 2025 کەمیکردەوە بۆ 400 هەزار تۆن بە نرخی 800 هەزار دینار بۆ تۆنێک.


