رووداو دیجیتاڵ
دوو رۆژە بەهای دیناری عێراقی لە بەرزبوونەوەدایە و تمەنیش لە دابەزیندایە. بازرگانێکی ئاڵوگۆڕی دراو دەڵێ: "ئەگەر جەنگی ناوچەکە بەردەوام بێت، پێشبینی دەکرێ بەهای تمەن زیاتر دابەزێ."
ئەمڕۆ دووشەممە، 20-7-2026 ئەحمەد حاجی سابیر باواجی، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە شاری هەولێر بە رووداوی گوت: "100 دۆلاری ئەمریکی بە 150 هەزار و 500 دینار مامەڵەی پێوەدەکرێ. یۆرۆ هەزار دینار دابەزیوە و بە 172 هەزار دینارە؛ لیرەی تورکیش 4695ی بە 100 دۆلارە."
بەرزترین بەهای دۆلار لە 24 کاژێری رابردوودا 195,350 تمەن و نزمترین نرخیش 191,150 تمەن بووە. بە گوتەی ئەحمەد حاجی سابیر، تمەنی ئێرانی رووی لە دابەزینی زیاترە و گوتی: "بەهای تمەن لە هەفتەی رابردووەوە دەستی بە دابەزین کردووە. ئێستا 100 دۆلاری حەواڵە بە 19 ملیۆن و 300 هەزار تمەنە، هاوکات بە نەخت 16 ملیۆن و 500 هەزار تمەنە".
ئەو ئاڵوگۆڕکاری دراوە هۆکاری دابەزینەکە بۆ جەنگی ناوچەکە دەگەڕێنێتەوە و دەشڵێت: "ئەگەر جەنگی ئێران و ئەمریکا بەردەوام بێت، پێشبینی دەکەم تمەن زیاتر بەهاکەی لەدەستبدات و بگاتە 20 ملیۆن بەرامبەر 100 دۆلار."
هەر ئەمڕۆ رەوەز میرزا، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە سلێمانی بە رووداوی گوت: "ئەگەر ئێران لەم جەنگەدا شکست بێنێت، یان رێکەوتنی تازە لەگەڵ ئەمریکا بکات، بەهای تمەن زیاتر دادەبەزێ."
رەوەز میرزا روونیکردەوە: "لەم ساتەدا 100 دۆلاری حەواڵە بە 19 ملیۆن وەردەگرین و بە نەخت دەکاتە 16 و 150 تمەن؛ هاوکات 100 دۆلار بە 151 هەزار دیناری عێراقییە."
بە گوتەی ئەو ئاڵوگۆڕکارەی سلێمانی، 100 یۆرۆ بە 174250 دینارە؛ لیرەی تورکیش بەهاکەی دادەبەزێ و 4650ی بە 100 دۆلارە.


