رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سێشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی یەک ئۆنسە زێڕ زیاتر لە 40 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە نزیکەی 4050 دۆلار.
بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ ئەمرۆ لە دوای ئەوە دێت کە کانزای زەرد بە باشی توانی لە چەند رۆژی رابردوودا بەرگری لە ئاستی هەستیاری 4000 دۆلار بکات کە بە ئاستێکی دەروونیی گرنگ هەژمار دەکرێت.
ئەم بەرزبوونەوەیەی نرخی زێڕ دوای ئەوە دێت کە گرژییەکان لە ناوچەکەدا پێیان ناوەتە قۆناخێکی نوێیەوە بەتایبەت دوای هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئامانجە ئێرانییەکان و هۆشدارییەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە رایگەیاندبوو تاران باجی کوشتنی سەربازە ئەمریکییەکان دەدات.
لەلایەکی دیکەوە، هەڕەشەی حوسییەکانی یەمەن بۆ سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر سعودیەدا، نیگەرانییەکانی لەبارەی سەلامەتی هێڵەکانی گواستنەوەی وزە لە دەریای سووردا زیاتر کردووە. هەرچەندە بڵاوبوونەوەی هەواڵی هەوڵە نێوەندگیرییەکان بۆ ئاگربەستێکی 10 رۆژە، تا رادەیەک ترسی وەبەرهێنەرانی لە پەرەسەندنی دەستبەجێی جەنگەکە رەواندەوە.
چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو بانکی ناوەندیی ئەمریکا کۆببێتەوە. هەرچەندە پێشبینی دەکرێت رێژەی سوود وەک خۆی بمێنێتەوە، بەڵام وەبەرهێنەران چاوەڕێی ئاماژەکانی ئەو بانکەن بۆ ئەوەی بزانن بەرزبوونەوەی نرخی وزە چۆن کاریگەری لەسەر ئاستی هەڵاوسان دەبێت.
ئەفزەڵ رەحمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە کۆمپانیای راوێژکاریی (OCBC) لە سینگافۆر لەو بارەیەوە دەڵێت: "بەهێزبوونی بەهای دۆلار و بەرزبوونەوەی رێژەی سوود، وەک بەربەست لەبەردەم خواستی وەبەرهێنەران بۆ زێڕ دەمێننەوە." ئاماژەی بەوەش کرد کە گرژییەکانی ناوچەی کەنداو دەبنە هۆی ناجێگیری لە نرخی نەوت و هەڵاوساندا، ئەمەش وا دەکات نرخی زێڕ لەژێر گوشاردا بمێنێتەوە تاوەکو ئەو کاتەی سیاسەتە نەختییەکان روو لە نەرمبوون دەکەن.
لە چارەکی دووەمی ئەم ساڵدا نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بە رێژەی 14% دابەزیبوو. ئەوەش گەورەترین دابەزینی نرخی زێڕە لە ئاستی چارەکدا کە لە 2013 ـەوە بێ وێنە بووە.



