رووداو دیجیتاڵ
بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، ئەم ساڵ هەرێمی کوردستان نزیکەی یەک ملیۆن و 500 هەزار تۆن گەنمی هەبووە، بەڵام عێراق تەنیا 400 هەزار تۆنی کڕیوەتەوە. دەشڵێت، پێویستە پلانی کشتوکاڵی بگۆڕدرێت و تەنیا پشت بە گەنم نەبەسترێت.
سەروەر کەمال هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات رایگەیاند، بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی هەرێمی کوردستان لەنێوان یەک ملیۆن و 200 هەزار بۆ یەک ملیۆن و 500 هەزار تۆن بووە، بەڵام حکومەتی عێراق دوای هەوڵ و سەردانی زۆر، تەنیا 400 هەزار تۆنی وەرگرتووە.
بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی گوتی: "سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاند، پێویستە بە هەر شێوەیەک بێت گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان ساخبکرێتەوە."
بۆ جێبەجێکردنی ئەو راسپاردەیە، سێ رێگەچارە خراونەتەڕوو:
1. سایلۆکانی حکومەتی فیدراڵی: وەرگرتنی 400 هەزار تۆن گەنم لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی عێراقەوە.
2. کەرتی تایبەت: دوو کۆمپانیای تایبەت بە پشتیوانیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەشێکی گەنمی جووتیاران دەکڕنەوە.
3. هەناردەکردن: وەزارەتی بازرگانی و کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ئاسانکاری بۆ ئەو بازرگانانە دەکەن کە دەیانەوێت گەنمی جووتیاران بکڕنەوە و هەناردەی بکەن.
سەروەر کەمال هاواری، ئاماژەی بەوەش کرد کە هۆکاری دیاریکردنی بڕی 400 هەزار تەن لەلایەن بەغداوە روون نییە و گوتی: "منیش تاوەکو ئێستا ئەو پێوەرەم لا نییە. پێویستە بەپێی رێژەی 12.67% پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق هەژمار بکرێت، بەڵام زانیاریی وردمان لەسەر ئەو بڕە بودجەیەی بۆ کڕینی گەنم تەرخان دەکرێت، نییە."
بە بڕوای بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، پێویستە پلانی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان بگۆڕدرێت و تەنیا پشت بە چاندنی گەنم نەبەسترێت و دەڵێت، سیاسەتی پاڵپشتیی نرخ لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، جووتیارانی هانداوە رووبەرێکی زۆر بە گەنم داچێنن.
سەروەر کەمال، پێشنیازی کرد کە بۆ دروستکردنی هاوسەنگی لە ئاسایشی خۆراک، پێویستە گرنگی بە بەرهەمی دیکەی وەک گەنمەشامی، چەوەندەر، پەتاتە و بەرهەمە سەوزییەکانی دیکەش بدرێت. "ئێستا لە هەندێک بەرهەم زیادەمان هەیە، لە هەندێکیشدا کورتهێنانمان هەیە. دەبێت هاوسەنگییەک دروست بکەین."
سەبارەت بە کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم بازرگانانی هەرێمی کوردستان لە عێراق، سەروەر کەمال هاواری، ئاماژەی بەوە کرد کە "گرفت" هەیە، بەڵام ناوی نانێت "کێشە". ئەو گوتی: "لە کاتی کارکردندا ئاستەنگ دروست دەبێت. بابەتەکانی تۆمارکردنی کۆمپانیا، باج، سیستەمی ئەسیکۆدا، پێناسی گومرگی و مۆڵەتەکان، ئەو ئاستەنگانەن کە رووبەڕووی بازرگانان دەبنەوە."
سەروەر کەمال گوتی، بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتانە، لیژنەیەکی باڵا لە ئەنجوومەنی وەزیران و لیژنەیەکی تەکنیکیش لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان پێکهێنراون و نوێنەری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی تێیاندا ئەندامن. "گفتوگۆکان باش چوونەتە پێشەوە و یاداشتی لێکتێگەیشتنی باش هەیە."
بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، ئامارەکانی گەشەی پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو و گوتی: "تاوەکو ئێستا نزیکەی 4,500 مۆڵەتی پیشەسازی دراوە، نزیکەی 42,000 کۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی تۆمارکراون و نزیکەی 17,000 هێمای بازرگانیش تۆمارکراون. "
سەبارەت بە کارگەکانیش گوتی: "کارگەکانی هەرێمی کوردستان تەنیا 25%ی بەرهەمەکانیان بۆ ناوخۆ بەکاردەهێنن و 75%ی دیکەی هەناردەی شارەکانی خواروو و نێوەڕاستی عێراق دەکەن" گوتیشی: "لە پیشەسازیی ئاسن و چیمەنتۆ گەیشتووینەتە خۆبژێوی و هەناردەش دەکرێن. لە بواری کشتوکاڵیشدا، پەتاتە هەناردەی ئیمارات و سعودیە دەکرێت و بەرهەمەکانی وەک چپس و هەروەها هەنار و هەنگوینیش هەناردە دەکرێن."
سەروەر کەمال هاواری، ئاماژەی بەوە کرد کە عێراق لە هەوڵدایە بۆ بووژاندنەوەی ئابوورییەکەی و پەرەپێدانی کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵ لە رێگەی داهاتی نەوتەوە.

