رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە بڕیاری فرۆشتنی بەنزینی نۆرماڵ بە 850 دینار لە سنووری پارێزگای هەولێر جێبەجێ دەکرێت؛ دەشڵێت: "هەر کەسێک پابەندی بڕیارەکە نەبێ لە بەنزینخانە، پاڵاوگە و کۆمپانیا، سزای دەدەین و بەنزینخانەکەی دادەخەین."
ئەمڕۆ سێشەممە 21-7-2026 ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "دوای بڕیارەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، دەستمان بە رێکارەکانی دابەشکردن و دابەزاندنی نرخی بەنزین کردووە؛ لیژنەیەک بۆ چاودێریی کوالێتیی بەنزین و نرخی بەنزین پێکهێنراوە. هیوادارین نەگەینە ئەوەی هیچ بەنزینخانەیەک سزا بدەین."
دوێنێ حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا کە نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ لە بەنزینخانەکان بکرێتە 850 دینار؛ هاوکات نابێت هیچ کەسێک لەو نرخەی دیاریکراوە، زیاتر بیفرۆشێت؛ دەنا رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
266 بەنزینخانە لە سنووری پارێزگای هەولێر هەن، پارێزگاری هەولێر دەڵێت، "لە دوێنێوە زیاتر لە 100 بەنزینخانە نرخی لیترێک بەنزینیان کردووەتە 850 دینار. لای حکومەتی هەرێمی کوردستان هاووڵاتی سەنتەرە. رەنگە تاوەکو چەند رۆژێکی دیکە کەموکوڕی و کێشە دروست ببێت، بەڵام ئێمە وەکوو پارێزگای هەولێر بڕیارەکە جێبەجێ دەکەین."
سەبارەت بە زیادکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکومەت، ئومێد خۆشناو ئاماژەی دا کە حکومەت هەوڵ دەدات بڕی بەنزینی پێویست هەناردەی بازاڕ بکات و هەموو هەوڵێکیش دەدات بڕەکەی زیاد بکرێت.
ئومێد خۆشناو روونیکردەوە، وەک چۆن بە دادپەروەری و بە پسوولەی ئەلیکترۆنی گازی شلی ماڵان دابەش دەکرێ؛ هیوادارن بتوانین ئەو بەنزینە پاڵپشتیکراوەش بەو شێوازە دابەش بکەن.
سەبارەت بە پابەندبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان بە بڕیارەکەوە، ئومێد خۆشناو گوتی، "پاڵاوگە و کۆمپانیاکانی دابینکردنی بەنزین دەکەن، ئەوانیش پابەندکراون و بڕیارەکە جێبەجێ دەکەن. هەر کەسێ سەرپێچی بکات، رێکاری یاسایی لەگەڵ دەگیرێتەبەر و شوێنەکەشی دادەخەین."
ئومێد خۆشناو دەڵێت، "رۆژانە 21 تەنکەر بەنزینمان هەیە، دابەشی سەر بەنزینخانەکانی دەکەین؛ ئێستا خواستی زیاتری لەسەرە و داوا لە شۆفێران دەکەین کە هاوکاریمان بکەن و هەموو لایەنەکانی فرۆشتن پابەندکراون. ئەگەر بزانین پێویستمان بە بڕی بەنزینی زیاترە، دەیکەینە کۆبۆن و بە کۆبۆن دابەشی دەکەین. لە هەر شارێک، هەر کەسێک بیەوێ دەتوانێت بازرگانی بە بەنزینەوە بکات."
بە گوتەی ئومێد خۆشناو، جۆرەکانی دیکەی بەنزینیش چاودێری دەکرێن؛ بە بازگەکان گوتراوە لە کوالێتی بەنزینی 750 و 850 دەبێ وردبن؛ هەرچی ئاسانکاریشە بۆ بازرگانان و ئەو تەنکەرانەی بەنزین هاوردە دەکەن، بکرێت.
لەبارەی گازی شلی ماڵانەوە، پارێزگاری هەولێر گوتی، "گازی پاڵپشتیکراو نرخی جێگیرە. نزیکەی بایی یەک مانگ گازی شلمان هەیە و رۆژانە بڕێکیش لەلایەن حکومەتی عێراقییەوە هاوکاری دەکرێین و بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکاندا دابەش دەکرێت. 450 هەزار خێزان لە گازی شل سوودمەندبوون و پسوولەیان هەیە. هاوکات کەمپ و ئاوارەکانیش دەستپێدەکرێ و پسوولەیان بۆ دەکرێت."



