رووداو دیجیتاڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لە قۆناخەکانی کۆتایی کارکردندایە، بۆ هەناردەکردنی 350 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا، لە رێگەی بۆرییەکی دیکەی نەوت، کە بە هێڵی 46 ناسراوە. گوتەبێژی وەزارەتەکە دەڵێت: "بۆرییەکە لە قۆناخی پشکنینی کۆتایی دایە". ئەو هەنگاوەی بەغدا بۆ فرەچەشنکردنی رێگەکانی هەناردەی نەوتەکەیەتی، کە بەهۆی دۆخی تەنگەی هورمز کێشەی بۆ دروست بووە. 18ـی تەمووزی 2026، وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، هەموو ئامادەکارییەکان تەواو کراون بۆ ئەوەی لە رێگەی ئەو هێڵەوە نەوت بتوانرێت رۆژانە 300 بۆ 350 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی بەندەری جەیهان بکرێت. سەلیم روکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوی راگەیاند: "بۆرییەکە لە قۆناخی پشکنینی کۆتاییدایە، بۆیە ناتوانرێت وادەی دەستپێکردنی هەناردەی نەوت دیاری بکرێت تاوەکو ئەو پشکنینانە تەواو نەبن و دڵنیا نەبینەوە لەوە سەرکەوتوو بووە". درێژیی ئەو هێڵە لە کەرکووکەوە تاوەکو بەندەری جەیهان نزیکەی هەزار کیلۆمەترە، بەشێکی بە رۆژئاوای پێشابوور لە هەرێمی کوردستان تێپەڕ دەبێت. هێڵەکە لە کەرکووکەوە بۆ شەڕگات لە سەلاحەددین 40 ئینجە و لەوێوە دەبێتە 46 ئینج و بە سنوورى پارێزگاى نەینەوا بەرەو تورکیا تێپەڕ دەبێت، زیاتر لە 300 کیلۆمەتری لەناو سنووری عێراق و هەرێمی کوردستانە. سەرچاوەیەکی بەرپرس لە کۆمپانیای نەوتی باکوور بە رووداوی گوت: "پشکنینی هایدرۆستاتیک (پشکنین بە ئاو) بۆ بۆرییەکە تەواو بووە، ئەوەی ماوە بۆ دەستپێکردنی هەناردەی نەوت لەو بۆرییەوە، پشکنینی پەمپى پاڵنانی نەوتەکەیە کە دوو دانەن". ئێستا رۆژانە زیاتر لە 200 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک لە رێگەی بۆریی هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی بەندەری جەیهان دەکرێت، وەزارەتی نەوت دەیەوێت هەناردەکە بە هەردوو هێڵەکە رۆژانە بگەیێنێتە نزیکەی 700 هەزار بەرمیل. سەلیم روکابی گوتی: "ئێستا نەوتی باشوور بە تانکەر دەگوازرێتەوە و لەگەڵ نەوتی کەرکووک تێکەڵ دەکرێت بە مەبەستی هەناردەکردنی، تاوەکو ئەو کاتەی بۆری بەسرە - حەدیسە تەواو دەبێت". بۆری بەسرە - حەدیسە یەکێکی دیکەیە لەو پڕۆژانەی کە عێراق دەیەوێت پشتی پێ ببەستێت بۆ زیادکردنی رێگەکانی هەناردەی نەوت، لە دوای گەیاندنی نەوتی بەسرە بە حەدیسە لە ئەنبار، لەوێوە نەوت بۆ بەندەرەکانی سووریا و ئوردن هەناردە دەکرێت، بەڵام پڕۆژەکە لە قۆناخی سەرەتاییدایە. سەرچاوەکەی رووداو لە کۆمپانیای نەوتی باکوور رایگەیاند، لە دوای تەواوبوونی سەرجەم پشکنینەکانی بۆری 46ـی کەرکووک – جەیهان، پێویستی بە پڕکردنی بۆرییەکە هەیە کە نزیکەی دوو ملیۆن بەرمیل نەوت دەگرێت، پێش ئەوەی دەست بە هەناردەکردنی بکرێت، ئەگەر هەیە لە دوای تەواوبوونی سەرجەم ئامادەکارییەکان، ئەو هەنگاوانە زیاتر لە مانگێکی پێویست بێت. بەرهەمی ئێستای نەوتی عێراق لە نێوان 2 بۆ 2.5 ملیۆن بەرمیل نەوتە، کە رۆژانە نزیکەی یەک ملیۆن بەرمیلی لێ هەناردە دەکرێت.