رووداو دیجیتاڵ
پار لە رێگەی بەندەرەکانى عێراقەوە 23 ملیۆن تۆن کاڵا هاوردەکراوە، کە زۆرترینی گەنمەشامى بووە، هەناردەى کاڵاش زیاتر لە 19 ملیۆن تۆن بووە.
دەستەى گشتى ئامارى عێراق، وردەکارى جوڵەى بازرگانی و دەریاوانى بۆ ساڵى 2025 لە بەندەرەکانى عێراق لە بەسرە بڵاوکردەوە. ئامارەکە تایبەتە بە جوڵەى کەشتى، بڕى کاڵاى هاوردە و هەناردەکراو لە رێگەى بەندەرەکانەوە.
1800 کەشتى هاتوون و رۆیشتوون
ژمارەی ئەو کەشتییە بارهەڵگرانەی پار لە بەندەرەکانی عێراق لەنگەریان گرتووە 1840 کەشتی بوون، لەکاتێکدا ژمارەی کەشتییە لەنگەرگرتووەکان لە بەندەرەکانی عێراق بۆ ساڵی 2024 گەیشتبووە 1777 کەشتی، بەوپێیە پار ژمارەی ئەو کەشتییانەی گەیشتوونەتە بەندەرەکانی عێراق 3.5% زیادی کردووە.
بەگوێرەی ئامارەکە، هۆکاری ئەو زیادبوونە بۆ گۆڕانکاری لە پلانی هەناردەکردنی دەوڵەت دەگەڕێتەوە کە تێیدا گۆڕانکاری لە گرێبەستەکاندا کراوە، هەندێکیان هەڵوەشێنراونەتەوە و هەندێکی دیکەیان نوێ کراونەتەوە.
ژمارەی ئەو کەشتییانەی کە پار بەندەرەکانی عێراقیان بەجێهێشتووە 1833 کەشتی بوون، لەکاتێکدا لە ساڵی 2024دا گەیشتبووە 1645 کەشتی، بەوپێیە ژمارەی ئەو کەشتییانەی لە بەندەرەکانی عێراقەوە دەرچوون لە ساڵی 2025دا بەراورد بە ساڵی پێشتر 11.4% زیادی کردووە.
دەستەکە هۆکاری ئەو زیادبوونە دەگەڕێنێتەوە بۆ زیادبوونی هەناردەی بەرهەمە نەوتییەکان لە هەردوو بەندەری خۆر زوبێر و ئوم قەسەری باشوور.
ژمارەی ئەو کەشتییە عێراقییانەی کە پار لە بەندەرەکانییەوە دەرچوون 169 کەشتی بووە، ئەمەش 9.2%ـی تێکڕای ئەو کەشتییانە بوون کە پار لەو بەندەرانەی عێراقەوە دەرچوون، 79 کەشتیی دیکەیان عەرەبی بوون و ئەوانی دیکە کە 86.5%ـی کەشتییەکان پێکدەهێنن، بیانی بوون.
23 ملیۆن تۆن هاوردە
پار لە بەندەرەکانی عێراقەوە 23 ملیۆن و 458 هەزار تۆن کاڵا هاوردەکراوە، بەڵام ساڵی 2024دا 21 ملیۆن و 230 هەزار تۆن بووە، بەمەش هاوردەکردنە 10.5% زیادی کردووە.
لە زۆرترین کاڵای هاوردەکراو گەنمەشامی لە پلەی یەکەمدا بووە کە 1.6 ملیۆن تۆن بووە، بەنزین بە پلەی دووەم دێت، کە 1.5 ملیۆن تۆن بووە، فوڵی سۆیا لە پلەی سێیەمە بە 1.4 ملیۆن تۆن.
هەناردەی کاڵا لە رێگەی بەندەرەکانی عێراقەوە، لە ساڵی 2025دا 19 ملیۆن و 855 هەزار تۆن بووە، کە بەراورد بە ساڵی پێشتر 12.1% زیادی کردووە.
بڕی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان کە لە بەندەرەکانەوە هەناردە کراون، گەیشتووەتە 126 ملیۆن و 142 هەزار تۆن، کە بەهاکەیان 281.9 تریلیۆن دینار بووە. هەروەها 47 هەزار و 855 سەر مەڕ لە بەندەری ئەبوو فلووس لە باشوور هەناردە کراوە.
لە کۆی چوار کەشتیی عێراقی کە کاڵا دەگوازنەوە، پار 392 ملیۆن و 96 هەزار و 743 تۆن کاڵایان هاوردە و هەناردە کردووە.
داهاتى بەندەرەکان 1.1 تریلیۆن دینار بووە
ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی حکومەت کە لە بەندەرەکان کار دەکەن لە 2025دا گەیشتووەتە 6663 کەس، بڕی ئەو پارەیەی وەک مووچە پێیان دراوە 231.6 ملیار دینار بووە، لەکاتێکدا داهاتی کۆمپانیای گشتیی بەندەرەکانی عێراق پار 1.1 ترلیۆن دینار بووە، بەراورد بە 2024 ئەو داهاتە 20.5% زیادی کردووە، ئەوەش وەک لە ئامارەکەدا هاتووە بەهۆی زۆربوونی هەناردەی نەوتەوەیە.
بەلەمى تەکسى کە سەر بە کۆمپانیای گشتیی گواستنەوەی دەریاییە، پار 22 هەزار و 76 سەرنشینی گواستووەتەوە، کە بەراورد بە ساڵی پێشتر 38.6% کەمی کردووە، کە ئەو ساڵە 35 هەزار و 961 سەرنشین بە بەلەمە تەکسییەکان لە رووبار و کەناراوەکانی عێراق گەشتیان کردووە.
ئامارەکە ئەو کەمبوونەوەیەی بەستووەتەوە بە دابەزینی ئاستی ئاوی رووبارەکان و کارکردنی شارەوانییەکان لەو شوێنانەی کە بەلەمە تەکسییەکانى پێیدا تێپەڕ بوون.



