رووداو دیجیتاڵ
رۆژی چوارشەممە لە بازاڕەکانی ئاسیا نرخی نەوت بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی، بە جۆرێک نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت گەیشتە بەرزترین ئاست لە ماوەی زیاتر لە مانگێکدا، ئەوەش دوای ئەوەی ئێران هێرشی کردە سەر رادار و سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکا لە کەنداو.
لە دەوروبەری کاژێر 3:30ی بەرەبەیان بە کاتی هەولێر، نرخی نەوتی خاوی برێنت بەڕێژەی 1.2٪ بەرزبووەوە و گەیشتە 92.09 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، کە ئەمەش بەرزترین نرخە لە 11ی حوزەیرانەوە تۆمار کرابێت.
لە هەمان کاتدا، نەوتی سووکی تەکساس (WTI) کە پێوەری سەرەکیی نەوتی ئەمریکایە، بەڕێژەی 1.1٪ بەرزبووەوە و گەیشتە 85.23 دۆلار.
ئەم بەرزبوونەوەیە دوای ئەوە دێت کە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران، رۆژی سێشەممە تاران هێرشەکانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست چڕتر کردەوە.
ئێران رایگەیاند کە لە تەنگەی هورمز هێرشیان کردووەتە سەر دوو کەشتیی نەوتهەڵگر و رایانگرتوون، بەهۆی ئەوەی کە "سەرپێچییان لە رێنماییەکان کردووە."
لەوەتەی لە مانگی شوباتدا شەڕەکە بە هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە، تاران هەوڵدەدات وەک کارتێکی گوشار، بەتەواوی تەنگەی هورمز دابخات و گەمارۆی بخاتەسەر، کە پێشتر رۆژانە پێنجیەکی نەوتی جیهان بەو رێڕەوەدا تێدەپەڕی.


