رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبووەوە.
دوای ئەوەی کەشتییەکی نەوتی لە کەناراوەکانی سعودیە بە تەنێکی نەناسراو کرایە ئامانج و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش هەڕەشەی بۆردوومانکردنی ژێرخانی ئێرانی کرد لە ئەگەری هەر هێرشێک بۆ سەر کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز، نرخی نەوت زیاتر بەرزبووەوە.
هەر ئەمرۆ، ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا، ناسراو بە (UKMTO) لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، راپۆرتێکیان پێگەیشتووە کەشتییەکی نەوتی لە دووریی 70 میلی دەریایی لە باشووری رۆژئاوای ناوچەی "شوقەیق"ی سعودیە، بە تەنێکی نەناسراو پێکراوە.
بەهۆی هێرشەکەوە ئاگر لەنێو کەشتییەکەدا کەوتووەتەوە و تیمەکان سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنین، بەڵام هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانی گیانی رووداوەکە بڵاونەکراوەتەوە.
دوای ئەم رووداوانە، نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور بە رێژەی 2% بەرزبووەوە و گەیشتە 95.99 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا بە رێژەی 1.7% بەرزبووەوە و گەیشتە 88.27 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
بەرزبوونەوەی نرخەکان هاوکاتە لەگەڵ هەڕەشە تووندەکانی دۆناڵد ترەمپ کە رایگەیاندووە، لە بەرامبەر هەر هێرشێکی تاران بۆ سەر کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز، وڵاتەکەی پردێک یان وێستگەیەکی کارەبای ئێران تێکدەشکێنێت. ئەمەش ئاماژەیە بۆ هەڵکشانی گرژییەکان دوای شکستهێنانی ئاگربەستی نێوان واشنتن و تاران.
ترەمپ لەوبارەیەوە رایگەیاند، لە ئێستاوە، هەر کاتێک ئێران بە مووشەک، رۆکێت، درۆن یان هەر چەکێکی دیکە تەقە لە کەشتییەک بکات لە تەنگەی هورمز، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پردێک یان وێستگەیەکی کارەبا بۆردوومان دەکات.
ئێران وەڵامی هەڕەشەکانی ترەمپی دایەوە و هۆشداریی دا کە ئەگەر واشنتن هێرشی لەو شێوەیە بکات، ئەوانیش ژێرخان و دامەزراوەکانی وزەی سەر بە ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەکەنە ئامانج.
سەرچاوەیەکی سەربازیی نەناسراوی ئێران بە ئاژانسی (تەسنیم)ـی راگەیاند، "ئەگەر ئەمریکییەکان پردێک یان وێستگەیەکی کارەبا لە ئێران بپێکن، ئێران ژێرخان و پردەکانی ناوچەکە و ئەو دامەزراوەکانی وزە دەپێکێت کە بەرژەوەندیی ئەمریکایان تێدایە."
هەر لەم چوارچێوەیەدا، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئێران جیدی نییە لەوەی لەگەڵ ئەمریکا رێکبکەوێت. لە هەمان کاتدا جەختی کردەوە کە ئەمریکا پابەندە بە "دیپلۆماسی" لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
بانکی HSBC لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت رەنگدانەوەی نیگەرانییە نوێیەکانە لەبارەی تەنگەی هورمز دوای شکستهێنانی ئاگربەست، هۆشداریشی دا کە دۆخی داهاتوو بەندە بەوەی ئایا دیپلۆماسی دەتوانێت سەقامگیری بۆ جووڵەی کەشتیوانی بگەڕێنێتەوە یان نا.


.jpg&w=3840&q=75)
