رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە، نرخی دۆلار بەرامبەر بە تمەن 2 هەزار و 650 تمەن دابەزی و یەک دۆلار بە 186 هەزار و 450 تمەن مامەڵەی پێوەکرا.
بەگوێرەی ئامارەکانی بازاڕی دراو لە ئێران، لە 24 کاژێری رابردوودا بەرزترین نرخی دۆلار 189 هەزار و 100 تمەن و نزمترین نرخیش 185 هەزار و 600 تمەن بووە. نرخی ئێستای دۆلار بەراورد بە هەفتەی رابردوو 1.06% دابەزیوە، بەڵام ئامارەکان ئاشکرای دەکەن لە شەش مانگی رابردوودا بەهای دۆلار بەرامبەر تمەن 27.01% بەرزبووەتەوە.
رۆژی یەکشەممە، بازاڕی دراو بە دابەزینێکی بەرچاو دەستیپێکرد و نرخەکەی گەیشتە 186 هەزار تمەن، لە کۆتایی مامەڵەکانیشدا بۆ 185 هەزار و 500 تمەن دابەزی. مامەڵەکارانی بازاڕ پێیان وایە ئەم پاشەکشەیەی دۆلار زیاتر پەیوەندی بە گۆڕانکارییە سیاسییەکانەوە هەیە.
هۆکاری دابەزینی نرخی دۆلار
بزوێنەری سەرەکیی بازاڕی دراو لەم چەند رۆژەدا، بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بوو بۆ راگرتنی هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران.
ئەم بڕیارە دەنگۆکانی سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی رێگەی دیپلۆماسی لە نێوان تاران و واشنتن بەهێزتر کردووە. هاوکات، میدیا نێودەوڵەتییەکان باس لە بەردەوامیی هەوڵی نێوەندگیرەکان دەکەن بۆ هێشتنەوەی کەشی گفتوگۆ و رێگری لە گەڕانەوەی گرژییەکان، هەرچەندە تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێکی فەرمی رانەگەیێندراوە.
پێشبینییەکان بۆ نرخی دۆلار
شرۆڤەکاران لەو بڕوایەدان ئەگەر پرۆسەی هێورکردنەوەی گرژییەکان بەردەوام بێت و هەواڵی ئەرێنی لەبارەی دانوستاندنە دیپلۆماسییەکان بڵاوببێتەوە، ئەگەری هەیە نرخی دۆلار زیاتر دابەزێت و بگاتە ئاستی 180 هەزار تمەن.
لە بەرامبەردا، ئەگەر دانوستاندنەکان تووشی ئاستەنگ ببنەوە یان گرژییە سیاسی و ئەمنییەکان سەرهەڵبدەنەوە، خواست لەسەر کڕینی دۆلار زیاد دەکات و ئەگەری هەیە نرخەکەی جارێکی دیکە بۆ سەرووی 190 هەزار تمەن بەرزببێتەوە.


