رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ئاماری کۆمپانیای سۆمۆ بۆ هەناردە و داهاتی نەوت بۆ مانگەکانی ئایار و حوزەیران، 32.1 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردەکراوە کە 1.5 ملیۆن بەرمیلی نەوتی هەرێمی کوردستان بووە.
سێشەممە 28ی تەممووزی 2026، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) ئاماری داهات و هەناردەی نەوتی بۆ مانگەکانی ئایار و حوزەیران بڵاوکردەوە.
هەناردەی نەوتی خاو و چڕکراوەکان لەو دوو مانگەدا 32 ملیۆن و 114 هەزار و 677 بەرمیل بووە.
لەو بڕە نەوتە، 20 ملیۆن و 238 هەزار و 836 هەزاری لە نەوتی بەسرە هەناردەکراوە، 10 ملیۆن و 311 هەزار و 216 بەرمیلی دیکەیان لە نەوتی کەرکووکەوە لە رێگەی بۆریی بەندەری جەیهانی تورکیا هەناردەکراوە کە بە هەرێمی کوردستاندا تێپەڕ دەبێت.
کۆمپانیای سۆمۆ رایگەیاندووە کە لەو دوو مانگەدا یەک ملیۆن و 564 هەزار و 625 بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەکراوە.
بەر لە دەستپێکی جەنگی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا لە 28ی شوباتی 226 عێراق رۆژانە زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە دەکرد، ئێستا بەهۆی گرژی لە کەنداو و تەنگی هورمز هەناردەکەی لەو رێگەیەوە کەم بووەتەوە.
بەگوێرەی ئاماری سۆمۆ، داهاتی هەناردەی نەوت لە مانگەکانی ئایار و حوزەیران دوو ملیار و 335 ملیۆن و 537 هەزار و 399 دۆلار بووە.




