رووداو دیجیتاڵ
قۆناخی یەکی گرێبەستی نێوان وەزارەتی نەوت لەگەڵ دوو کۆمپانیای بەریتانی و ئەمریکی بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکانی نەوت لە کەرکووک دەستپێدەکات، کە تایبەتە بە دۆزینەوەی نوێی نەوت لە کێڵگەکانی ئەو شارەی باشووری کوردستان.
سەلیم رووکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، قۆناخی ئاڵوگۆڕی زانیاری و هەڵسەنگاندنی تەکنیکی بۆ دۆزینەوەی نەوت لە کەرکووک دەستیپێکردووە، بەگوێرەی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان کۆمپانیای نەوتی باکوور و هەردوو کۆمپانیای بی پیی بەریتانی و کۆنۆکۆ فلیپسی ئەمریکی.
ئەو هەنگاوە لەدوای ئەوە بوو کە لە 17ی تەممووز کۆمپانیای کۆنۆکۆ فلیپسی ئەمریکی لەگەڵ کۆمپانیای بی پی رێککەوت بۆ ئەوەی 42%ی پشکەکانی کۆمپانیا بەریتانییەکە وەربگرێت لەو گرێبەستەی بۆ نەوتی کەرکووک کردوویەتی.
سەلیم رووکابی رایگەیاند، هەموو ئەو پرسانەی پەیوەندیدارن بە پڕۆژەی پەرەپێدانی کێڵگەکانی نەوت لە کەرکووک لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکی و بەریتانییەکە، لەگەڵ خشتەی کاتی و شێوازی جێبەجێکردنی وەبەرهێنانەکانی داهاتوو لە قۆناخەکانی دیکەدا دەکرێن، ئەوەش دوای تەواوکردنی پڕۆسەکانی گۆڕینەوەی زانیاری و رێکارەکانی تایبەت بە هەڵسەنگاندنە تەکنیکییەکانی نێوان ئەو لایەنانەی کە بەشێکن لە رێککەوتنەکە.
رۆژی 1ی ئابی 2024 یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی نەوتی گشتگیر لە نێوان وەزارەتی نەوتى عێراق و کۆمپانیای بی پی واژۆ کرا بۆ ئەوەی دواتر ببێتە رێککەوتنی کۆتایی، ماوەی گرێبەستەکە بۆ 16 ساڵە و بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ 500 هەزار بەرمیل و زیادکردنی وەبەرهێنانی گازی هاوەڵی کێڵگەکانە بە بڕی 400 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا.
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، ئەو یاداشتی لێکتێگەیشتنە بە پلەی یەکەم بۆ لێکۆڵینەوەیە لەبارەی دەرفەتی دۆزینەوەی نەوتی پێشنبیکراو لە دەوروبەرى کێڵگەکانی نەوت لە کەرکووک.
گرێبەستەکەی کۆمپانیای بی پی هەر چوار کێڵگەی (بای حەسەن، خەباز، جەمبوور و کەرکووک) دەگرێتەوە.




