رووداو دیجیتاڵ
رۆژی هەینی نرخی نەوت بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی، ئەمەش دوای ئەوەی ئێران رایگەیاند کە رێگریی لە دوو کەشتی کردووە کە ویستوویانە لە تەنگەی هورمز بچنە دەرەوە. ئەم هەنگاوە نیگەرانییەکانی سەبارەت بە دابینکردنی وزەی جیهانی زیاتر کرد، بەتایبەت دوای هێرشە درۆنییەکەی ئەم هەفتەیەی سەر چەند کەشتییەک لە بەندەرێکی میسر لەسەر دەریای ناوەڕاست.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور رۆژی هەینی بە رێژەی 1٪ بەرزبووەوە و بەرمیلێکی بە 90.17 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بە هەمان رێژە بەرزبووەوە و بە 84 دۆلار و 67 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
ئێران ئاماژەی بەوە کردووە کە چوار تانکەری دیکە دوای دەستوەردانی هێزەکانیان گەڕاونەتەوە، هەرچەندە ئەو هەواڵانەی تاران هێشتا لەلایەن سەرچاوە سەربەخۆکانەوە پشتڕاست نەکراونەتەوە. هاوکات داتاکانی کۆمپانیای (کێپلەر) بۆ چاودێریی کەشتیوانی نیشانی دەدەن کە دوو کەشتیی گەورەی نەوت و دوو کەشتیی دیکەی بازرگانی بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕیون.
لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگ لە 28ـی مانگی شوباتەوە، ئێران زۆربەی هاتوچۆی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز پەکخستووە. هاوکات حوسییەکانی یەمەن کە هاوپەیمانی ئێرانن، لەم مانگەدا دەستیان کردووە بە هەڕەشەکردن لە تەنگەی بابولمەندەب لە دەریای سوور، کە رێڕەوێکی سەرەکیی تری هەناردەکردنی نەوتی خاوی سعوودیەیە.
تەنیا لە مانگی تەممووزدا، نرخی نەوتی برێنت بە رێژەی 23% بەرزبووەتەوە و شرۆڤەکارانیش لە راپۆرسییەکی ئاژانسی رۆیتەرزدا پێشبینی دەکەن نرخەکان زیاتر بەرز ببنەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە شەوی هەینی هیچ هێرشێکی نوێی ئەمریکا بۆ سەر ئێران تۆمار نەکراوە، دوای ئەو هێرشە هاوبەشانەی ئەمریکا و سعوودیە لە سەرەتای هەفتەدا کردیانە سەر هێزەکانی سەر بە ئێران لە عێراق.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆبوونەوەیەکی کابینەی حکوومەتەکەیدا لە (کامپ دەیڤد)، ئاماژەی بەوە کرد کە هێشتا بڕوای وایە دەکرێت رێککەوتن لەگەڵ ئێران بکرێت و ستیڤ ڤیتکۆڤ، جارید کۆشنەری زاوای و مارکۆ ڕوبیۆی وەزیری دەرەوە خەریکی گفتوگۆن. بەڵام وتیشی کە خەریکە متمانەی بە ئێرانییەکان نامێنێت، چونکە زۆرجار بەڵێنەکانیان دەشکێنن و هەڕەشەی ئەوەی کرد کە لێیان دەدات.
میدیایەکانی ئێران بڵاویانکردەوە، ئەو دەستەیەی تاران بۆ بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز پێکیهێناوە، رایگەیاندووە کە تێپەڕبوون لە تەنگەی هورمز رێگەپێدراو نییە لەبەر بەردەوامیی کارە دوژمنکارییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
دەسەڵاتی تەنگەی کەنداوی فارس رایگەیاندووە، هەر کاتێک ئارامی و سەقامگیری گەڕایەوە، داواکاریی کەشتییەکان تاوتوێ دەکرێن و مۆڵەتی تێپەڕبوون بەشێوەیەکی پلەبەندی دەدرێت.
لەلایەکی دیکەوە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، هێزەکانیان بەردەوامن لە گەمارۆدانی هەناردەی نەوتی ئێران لە ڕێگەی کەنداوەوە و زنجیرەیەک هێرشی سەرکەوتوویان ئەنجامداوە.
لە وەڵامی ئەو هێرشانەدا، سوپای ئێران رۆژی هەینی رایگەیاند کە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکای لە کوێت و بەحرەین کردووەتە ئامانج، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ هێرشێکی ئەمریکا بۆ سەر ماڵێک لە دوورگەی قیشم لە نزیک تەنگەی هورمز.



