رووداو دیجیتاڵ
رۆژی هەینی نرخی زێڕ بە رێژەی 2% دابەزی، ئەمەش دوای ئەوەی بەهای دۆلاری ئەمریکی جارێکی دیکە بەرزبووەوە و کەمێک قەرەبووی ئەو دابەزینەی کردەوە کە رۆژی پێنجشەممە تۆماری کردبوو. رۆژی پێنجشەممە بەهای دۆلار دابەزیبوو بۆ نزمترین ئاستی لە ماوەی زیاتر لە مانگێکدا. سەرەڕای ئەوەش، زێڕ لە ئاستی مانگانەدا یەکەم بەرزبوونەوەی دوای پێنج مانگ لە دابەزینی بەردەوام تۆمار کرد.
داتاکانی هەڵاوسان هیوای ئەوەیان لای وەبەرهێنەران دروستکردووە کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا چیتر سوودی بانکی بەرز نەکاتەوە.
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ، رۆژی هەینی بە رێژەی 1.8% دابەزی و گەیشتە 4045 دۆلار. لە سەرەتای مامەڵەکانی رۆژدا نرخی زێڕ تاوەکو 2٪یش دابەزیبوو.
لە مانگی تەممووزدا (مانگی 7) نرخی زێڕ 0.5% بەرزبووەتەوە کە گەورەترین بەرزبوونەوەی مانگانەیە لە دوای مانگی شوباتەوە، کە هاوکات بوو لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگ لەگەڵ ئێران.
بەرزبوونەوەکانی ئەم دواییە بە پلەی یەکەم بەهۆی خاوبوونەوەی رژەی هەڵاوسانە کە وایکردووە بازرگانان پێشبینییەکانیان بۆ بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە کەم بکەنەوە. دابەزینی نرخی نەوت بۆ ئاستی پێش جەنگی ئێران لە سەرەتای مانگدا، هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی مانگانەی نرخی زێڕە.
هان تان، گەورە شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان لە کۆمپانیای (بایبیت) لەو بارەیەوە رایگەیاند: "هەرچەندە زێڕ خەریکە کۆتایی دەهێنێت بە زنجیرە دابەزینێکی چوارمانگی، بەڵام کانزای زەرد هێشتا نەیتوانیوە ئاستی 4000 دۆلار، کە ئاستێکی دەروونی هەستیارە، بە بەهێزی بەرەو سەرەوە بشکێنێت."
تان ئاماژەی بەوەش کرد: "زێڕ لە سەرووی ئاستی 4,000 دۆلار پاڵپشتی دەکرێت بەهۆی ئەوەی کە کێڤن وارش، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بەنیازە سەرنجی بانکەکەی تەنیا لە پرسی هەڵاوسان و سوودی بانکی قەتیس نەکات و فراوانتری بکات."
داتاکانی رۆژی پێنجشەممە دەریانخست کە هەڵاوسان لە ئەمریکا لە مانگی حوزەیران خاو بووەتەوە، بەڵام پێدەچێت ئەم خاوبوونەوەیە کاتی بێت، چونکە گرژییە نوێیەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نرخی نەوتیان بەرزکردووەتەوە.
وارش لەم هەفتەیەدا بەڵێنیدا پابەند بێت بە دابەزاندنی هەڵاوسان، بەبێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەک بدات بۆ ئامادەیی بانکەکە بۆ بەرزکردنەوەی سوودی بانکی.
دوای ئەوەی رۆژی پێنجشەممە بەهای دۆلار بە رێژەی 2.4% دابەزی کە گەورەترین دابەزینی رۆژانە بوو لە دوای کانوونی دووەمی 2023وە، رۆژی هەینی دۆلار 0.5%ـی بەهای خۆی وەرگرتەوە. بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار دەبێتە هۆی ئەوەی کڕینی زێڕ بۆ ئەو کەسانەی بە دراوەکانی دیکە مامەڵە دەکەن گرانتر بێت.
بەگوێرەی ئامرازی FedWatchـی گرووپی CME، ئێستا بازرگانان ئەگەری 65% دەبینن بۆ بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە مانگی ئەیلوولدا، لە کاتێکدا هەفتەی رابردوو ئەو ئەگەرە زیاتر لە 80% بوو.



