رووداو دیجیتاڵ
داتاکانی چاودێریکردنی کەشتییەکان دەریانخستووە، کەشتییەکی نەوتی ئەمریکی لە ویلایەتی تەکساس بارکراوە، رۆژی هەینی بەرەو ئیسرائیل بەڕێکەوتووە. ئەمە یەکەمین باری نەوتی ئەمریکییە لە ماوەی نزیکەی سێ ساڵدا بگاتە ئیسرائیل.
بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز و داتاکانی بۆرسەکانی لەندەن (LSEG)، کەشتیی (کاپتن جۆن) کە ئاڵای ماڵتای هەڵگرتووە، رۆژی پێنجشەممە نەوتی خاوی ئەمریکای کۆمپانیای (ئینبریدج)ـی لە نزیک بەندەری کۆرپوس کریستی لە تەکساس بارکردووە. کەشتییەکە بەندەری (ئەشلکێلۆن) لە باشووری ئیسرائیلی وەک ئامانجی کۆتایی خۆی دیاریکردووە.
ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کەشتییەکە نزیکەی 550 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی هەڵگرتووە. هەروەها داتاکان نیشانی دەدەن کۆمپانیای بازرگانیی فیتۆ (Vitol) کەشتییەکەی بە کرێ گرتووە، بەڵام کۆمپانیاکە تاوەکو ئێستا ئامادە نەبووە هیچ لێدوانێک لەو بارەیەوە بدات.
لەلایەکی دیکەوە، داتاکانی کۆمپانیای "کێپلەر" بۆ زانیارییەکانی کەشتیوانی دەریانخستووە کە دوایین جار نەوتی خاوی ئەمریکا لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2023دا رەوانەی ئیسرائیل کراوە.
ناردنی ئەم بارە نەوتە لە کاتێکدایە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران بەردەوامە و بووەتە هۆی کەمبوونەوەیەکی بەرچاو لە هاتووچۆی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمزدا.



