رووداو دیجیتاڵ پێنوێنی ناسداک" (Nasdaq) بە رێژەی 1% بەرزبووەوە. هەروەها پێنوێنی ئێس ئاند پی (S&P 500) بە رێژەی 0.7% بەرزبووەوە و پێنوێنی داو جۆنس بە رێژەی 0.53% رووی لە هەڵکشان کرد. لەم هەفتەیەدا، سوودی قەواڵەکانی گەنجینەی ئەمریکا بۆ ماوەی 30 ساڵ، بۆ بەرزترین ئاستی لە دوای ساڵی 2007ـەوە هەڵکشا و گەیشتە 5.25%. هەروەها سوودی قەواڵەکانی 10 ساڵەی گەنجینە ئاستی 4.7%ی تێپەڕاند، ئەمە بەرزترین ئاستە لە دوای کانوونی دووەمی 2025ـەوە تۆمار کرابێت. ئەم گۆڕانکارییانە دوای ئەوە هاتن، وەبەرهێنەران متمانەیان بە توانای کێڤن وارش، سەرۆکی بانکی ناوەندی کەمبووەتەوە بۆ رێگریکردن لە هەڵاوسان، ئەمەش وایکرد سوودی قەواڵەکان بەرزببنەوە. هەرچەندە وارش ئاماژەی بە پابەندیی خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڵاوسان کردووە، بەڵام لەم هەفتەیەدا گوتی، "هیچ گۆچانێکی سیحریمان بەدەستەوە نییە." تێری ساندڤێن، گەورە ستراتیژیستی بازاڕەکان لە کۆمپانیای (ئو ئێس بانکرۆپ) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "لەگەڵ نزیکبوونەوەی سوودی قەواڵەکانی 10 ساڵە لە ئاستی 5%، رەنگە ئەمە ببێتە هۆی دروستبوونی دڵەڕاوکێ لە بازاڕ و گوشار بخاتە سەر نرخی پشکەکان." ئەو ستراتیژیستە جەختی لەوە کردەوە، ئێستا بازاڕ وەک "شەمەندەفەرێکی خێرا وایە کە پڕە لە دڵەڕاوکێ و دەرفەتیش". ساندڤێن هەروەها دەڵێت، "لە لایەکەوە، ژینگەی بازاڕ جێی سەرنجە؛ هەڵاوسان تاوەکو رادەیەک جێگیرە، سوودی بانکی لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودایە و داهاتی کۆمپانیاکانیش بەهێزن. بەڵام لە لایەکی دیکەوە، ململانێکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەردەوامن، ئەوەش نرخی نەوت بەرەو سەرەوە پاڵ دەنێت کە بێگومان دەبێتە هۆی زیادبوونی هەڵاوسان."