رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری حەسەکە، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رووداو ئاشکرای کرد، ماوەی گۆڕینەوەی لیرە کۆنەکانی سووریا لە پارێزگاکە درێژ کراوەتەوە. هەروەها تیشکی خستە سەر کاراکردنەوەی دامەزراوە فەرمییەکان و ئامادەکارییەکان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی سەرێ کانیێ بۆ سەر ماڵ و موڵکی خۆیان.
ئەمڕۆ چوارشەممە، نوورەدین ئەحمەد، ئاماژەی بەوە کرد، لە هەفتەی رابردووەوە لە پەیوەندیدا بوون لەگەڵ پارێزگاری بانکی ناوەندیی سووریا و لە ئەنجامدا بڕیاری درێژکردنەوەی ماوەکە دراوە و "ئێستا گۆڕینەوەی لیرە کۆنەکان لە ناوەندی پۆستەی پارێزگا بە شێوەی راستەوخۆ دەکرێت، یان ئەو پارەیە دەخرێتە سەر هەژماری (Sham Cash)ی هاووڵاتییان تاوەکو بەپێی پێویستی بەکاری بهێنن."
نوورەدین ئەحمەد روونیشی کردەوە، دوای تەواوبوونی ئەم ماوەیەش، بانکی ناوەندی پلاتفۆرمێکی تایبەت دەکاتەوە تاوەکو هاووڵاتیان تێیدا ناوی خۆیان تۆمار بکەن و هەژماری بانکی بکەنەوە؛ بەو شێوەیەش دەتوانن لە ماوەی 5 ساڵدا لیرە کۆنەکانیان بگۆڕنەوە، بە مەرجێک بەڵگەی فەرمییان لەسەر سەرچاوەی پارەکە هەبێت.
بەپێی بڕیارەکە، ماوەی گۆڕینەوەی پارە لەرێگەی بانک و پۆستەوە تاوەکو رۆژی پێنجشەممە، 20ی ئابی 2026 درێژ کراوەتەوە.
کاراکردنەوەی فەرمانگە فەرمییەکان
پارێزگاری حەسەکە جەختی لەسەر دەستپێکردنەوەی کارەکانی دامەزراوەکانی دەوڵەت کردەوە و گوتی: "دوێنێ بەڕێوەبەرایەتییەکانی تاپۆ و کاروباری خانووبەرە، هەروەها بەڕێوەبەرایەتیی ژینگەمان کارا کردەوە. پڕۆسەی دامەزراندن و دەستبەکاربوون لە ناوچە، شار و ئەنجوومەنی شارەوانییەکان بەردەوامە و کارەکان بە شێوەیەکی ئاسایی و بێ هیچ ئاستەنگێک بەڕێوە دەچن."
گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەرێ کانیێ
تەوەرێکی دیکەی لێدوانەکەی پارێزگاری حەسەکە، پرسی گەڕانەوەی ئاوارەکان بوو بۆ سەر ماڵ و موڵکی خۆیان. ئەحمەد رایگەیاند، هەوڵەکانیان بۆ پێکهێنانی لێژنەی گەڕانەوە بۆ هەموو لایەنەکان بەردەوامە و لە پێشینەی هەمووشیانەوە گەڕانەوەی ئاوارەکانی سەرێ کانیێ-یە.
نوورەدین ئەحمەد لەبارەی چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانەوە گوتی: "زۆربەی ئەو هۆکارانەی پێشتر رێگرییان لە گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکرد، نەهێڵدراون. ئێستا داواکارییەکی زۆر بۆ گەڕانەوە دروست بووە و چیدیکە ئەو نارەزایەتییانەی پێشتر هەبوون، نەماون؛ چونکە لە نێوان ئاوارەکان و دامەزراوە ئەمنی و کارگێڕییەکاندا هاوئاهەنگی و لێکتێگەیشتنی تەواو هەیە."
.jpeg&w=3840&q=75)

