رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان دەڵێ، بەشێکی دیکەی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان نێردراوە و هەفتەی داهاتوو دابەش دەکرێ.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 16-11-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ زیاتر لە 63 ملیار دینار پارەی گەنمی جووتیاران گەیشتە هەرێمی کوردستان".
بڕی پارەکە 20 ملیار و 921 ملیۆن دیناری بۆ جووتیارانی سنووری پارێزگای هەولێر، 22 ملیار و 605 ملیۆن دینار بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی نێردراوە و جووتیارانی هەڵەبجەش لەو پشکە وەردەگرن، هەروەها 19 ملیار و 876 ملیۆن دینار وەکو پشکی جووتیارانی سنووری پارێزگای دهۆک نێردراوە.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان گوتی: "پارەکە گەیشتووە و رێکارە کارگێڕییەکانی دابەشکردن دەستپێدەکەین و بە ئەگەری زۆرەوە هەفتەی داهاتوو دابەشکردنی دەستپێدەکات".
12-11-2026، وەزارەتی بازرگانیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، وەزیری بازرگانی بڕیاری دا بە خەرجکردنی زیاتر لە 700 ملیار دینار بۆ شایستە داراییەکانی جووتیاران بۆ ساڵی 2026، ئەو پارەیەی بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە لەو پشکەیە.
ئەم ساڵ 12ی حوزەیران دەرگەی سایلۆکانی هەرێمی کوردستان کرایەوە و تاوەکو 18ی تەمموز نزیکەی 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگیرا، کە 292 هەزار تۆنی بە گەنمی نێو پلانی چاندن دادەنرێت و تۆنی بە 700 هەزار دینار بوو، هەروەها نزیکەی 108 هەزار تۆنیش لە دەرەوەی پلان وەرگیرا تۆنی بە 500 هەزار دینار.
ساڵی 2024 حکومەتی عێراق 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت. ساڵی 2025 کەمی کردەوە بۆ 400 هەزار تۆن بە نرخی 800 هەزار دینار بۆ تۆنێک.

