رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ بەرزترین ئاستی لە 7 هەفتەی رابردوودا تۆمارکرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بۆ چوارەمین رۆژی یەک لەدوای یەک نرخی زێڕ بەرزبووەوە و گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی 7 هەفتەی رابردوودا. ئەم بەرزبوونەوەیە پاڵپشت بوو بە دابەزینی بەهای دۆلار و کەمبوونەوەی سوودی قەواڵەکانی گەنجینەی ئەمریکا، لەگەڵ زیادبوونی هیواکان بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز.
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ ئێستا بە نزیکەی 4266 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت، بەڵام لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا 4300 دۆلاریشی بەخۆیەوە بینی.
تۆنی سیکامۆر، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان لە کۆمپانیای IG لەو بارەیەوە رایگەیاند، "ئەم بەرزبوونەوە خێرایەی نرخەکان لە ئەنجامی ئەو گەشبینییە بوو کە باس لە نزیکبوونەوەی رێککەوتنێکی دیپلۆماسی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات. ئەمەش گوشارەکان بۆ سەر نرخی نەوت کەم دەکاتەوە و پێویستی بانکە ناوەندییەکان بۆ بەرزکردنەوەی رێژەی سوود ناهێڵێت، کە ئەمەش پاڵپشتییەکی روونە بۆ زێڕ."
ئەو شرۆڤەکارە ئاماژەی بەوەش کرد، تێپەڕاندنی تێکڕای 200 رۆژە، دەبێتە هۆی ئەوەی نرخی زێڕ زیاتر بەرزبێتەوە و بەرەو ئاستی 5000 دۆلار هەنگاو بنێت.
سەرچاوەیەکی باڵای ئێرانی و دوو بەرپرسی ناوچەیی بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، پێشنیازێکی رێککەوتن لەنێوان ئێران و عومان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی پێنج مانگەی نێوان ئێران و ئەمریکا لە ئارادایە. بەپێی رێککەوتنەکە، تاران کۆنترۆڵی ئەو کەشتییانە دەکات کە لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە دەچنە ناو کەنداو.
لە 28ـی شوبات و لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێرانەوە، نرخی زێڕ تاوەکو ئێستا بەڕێژەی 19٪ دابەزیوە، ئەمەش بەهۆی ترسی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان کە وا لە بانکەکان دەکات رێژەی سوود بەرزبکەنەوە.
پێشبینییەکانی بازاڕ بۆ بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی لە مانگی ئەیلوول لەلایەن ئەمریکاوە، لە67٪ـەوە بۆ 55٪ دابەزیوە.
هاوکات، سوودی قەواڵە 10 ساڵییەکانی ئەمریکا دابەزی و پێوەرەکانی دۆلاریش لەژێر گوشاردا بوون. دابەزینی بەهای دۆلار دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو کاڵایانەی بە دۆلار مامەڵەیان پێوە دەکرێت، بۆ هەڵگرانی دراوەکانی دیکە هەرزانتر بکەوێت.
ئێستا وەبەرهێنەران چاوەڕێی راپۆرتی هەلی کار (بەدەر لە کەرتی کشتوکاڵ)ی ئەمریکا دەکەن کە بڕیارە رۆژی هەینی بڵاوببێتەوە. پێشتریش راپۆرتی ADP بۆ دامەزراندن دەریخستبوو کە گەشەی هەلی کار لە کەرتی تایبەتی ئەمریکادا لە مانگی تەممووزدا خاو بووەتەوە.



.jpg&w=3840&q=75)